زایەڵە-بەرەی تورکمانی گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی دەکات و خۆی ئامادە دەکات بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت و سەرۆکێکی نوێ بۆ بەرەی تورکمانی دادەنرێت. باڵی سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی خۆی بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە دەکات.
دوای زۆر بوونی ناڕەزایی لە ڕۆڵ و پێگەی ئێستای سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی بەرامبەر ئاڕاستەی ئەرشەد ساڵحی و تورکمانە شیعەکان کە ڕێکخراوی بەدر سەرۆکایەتیان دەکات، دوو جەمسەری نوێنەرایەتی تورکمانن حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەی تورکمانی دەست لەسەرۆکایەتی بەرە دەکێشێتەوە.
گۆڕینی سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئامادەکاری بەرەی تورکمانییە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی مامەڵە کردن لەگەڵ ئیدارەی کەرکوک.
بەپێی زانیاریەکان لە ماوەی ڕابردوو لە تورکیا چەند جوڵەیەک بەئاڕاستەی یەکخستنی هەردوو ئاڕاستەکەی بەرەی تورکمانی کراوە، بەڵام هەوڵەکە بێ ئەنجام بووە و دواجار گۆڕینی سەرکردایەتی ئێستای بەرە بەچارەسەر زانراوە بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی دوو ئاڕاستەکەی تری تورکمان و ئەنجومەنی ئەعیانی تورکمان کە پێکدێن لە سەرمایەدار و کەسایەتی تورکمان و زۆرینەیان لە تورکیا نیشتەجێن لەپشت هەوڵەکانەوەن و دەیانەوێت بەنوێکردنەوەی سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی ڕۆڵی بۆ بگێڕنەوە و بەرەی تورکمانی بکەنەوە تاکە نوێنەری تورکمان. لەکاتێکدا لە ڕابردوو هەڵگری ئەو دروشمە بووە، بەڵام لەچوار ساڵی ڕابردوو ئاڕاستەی تورکمانی سەر بە ڕێکخراوی بەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و ئاڕاستەی ئەرشەد ساڵحی وەکو دوو بلۆکی نوێی تورکمان دەرکەوتن و لە کۆی دوو نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق و دوو نوێنەر لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تەنها نوێنەرێکی ئەنجومەنی پارێزگا گوزارشت لە باڵی سەرکردایەتی بەرە دەکات.
لە ئێستادا کاندیدی بەهێز بۆ شوێن گرتنەوەی حەسەن تۆران محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی بەرەی تورکمانیە و دوای ئەو قەحتان ئەڵوەنداوی بەرپرسی لقی کەرکوکی بەرە چانسی هەیە و هەردوکیان بە کەسی نزیکی ئەنجومەنی پیران و ئەعیانی تورکمانی دادەنرێن و دوو کەسایەتی خاوەن هەژموونی ناو باڵی سەرکردایەتی بەرەی تورکمانین.
ک