زایەڵe - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە, کاوە عەلی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند، وەزیری کارەبا کە  بە پێی یاسای وەزارەتی کارەبا  ژمارە ٦ ی ساڵی ٢٠٢١ مادەی چوارەم بڕگەی ٤ ، ئەرکی وەزارەتی کارەبایە نرخ بە پێی بژێوی هاوڵاتیان و ڕێنمایی دەربکات  ، بەڵام سەبارەت بە پڕۆژەی ڕوناکی رایگەیاندووە کە نازانین  نرخ چەندە.

ڕاشیگەیاند: لەرووى یاساییەوە  نرخ بەپێى رێنمایى ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠٢١ى وەزارەتى کارەبا رێکخراوە کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (٢٧٤)ى رێکەوتى٢٤/١١/٢٠٢١بڵاوکراوەتەوە و لەم رێنماییەدا نرخى کارەبا بە ماڵان  بەپێى کیلۆ وات لەخشتەى ژمارە(٥) دا دیاریکراوە  نرخى هەر کیلۆ وات کارەبایەک لە (١٨) دینارەوە دەستپێدەکات و بە شێوەیەکی دیاریکراو زیاد دەکات  . هەر زیادکردنێکى لە نرخى تەزووى کارەبادا بکرێت پێچەوانەى ئەو رێنماییەیە، وە لە کاتى ئیستادا حکومەتى هەرێم حکومەتى کاربەرێکەرە و لە ڕووی یاسایی نە ئەنجومەنی وەزیران نە وەزارەتی کارەبا توانای دەرکردنی رێنمایی نوێی نییە .

ئەوپەرلەمانتارە وتیشی، بە گەیشتنی ئەم پرۆژەیە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و (وەرگرتنی پسوڵەی کارەبا وەک بەڵگە )،ئەگەر دەستکاری نرخ کرابوو ئەوا ڕێکاری یاسایی پێویست دەگرینەبەر ،  هاوشێوەی  سێ داوای یاسایی لەسەر وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی داد، چونکە هیچ پاڵپشتی یاسایی نییە لە ئێستادا ، لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی کە تائێستا  پسوڵەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەسنووری پارێزگای سلێمانی نەگەڕاوەتەوە بۆ هاوڵاتیان ئەوە بێت :کە بە وەرگرتنی پسوڵەی کارەبا دەبێتە بەڵگە بۆ کاری نایاسایی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە ، لەو کاتەدا بە پێی یاسا هاوڵاتیان ئەتوانن پارەی کارەبا بە پێی ڕێنمایەکەی وەزارەتی کارەبا بدەن و هیچ زیادەیەک نەدەن و ناتوانرێت لە ڕووی یاساییەوە بە زۆر لێیان وەربگیرێت.، هاوڵاتیان ئەگەر هەر کەسێکیان پسوڵەی بۆ گەڕایەوە سکاڵا تۆمار بکات بێ گومان ڕێگایەکی کاریگەر دەبێت بۆ ڕاگرتنی کاری نایاسایی بە هەموومانەوە.

هێمای بەوەشکرد، هیوادارم حکومەت دەست بۆ ڕێکاری نایاسایی نەبات و ڕەچاوی یاسا و ڕێنماییەکان و بژێوی هاوڵاتیان بکات و بە ئەرکی خۆی هەستێت لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری کە زیاد لە ٣٠ ساڵە هاوڵاتیان تامەزرۆن و حکومەت نەیتوانیوە بەو ئەرکە هەستێت ،  لە لایەکی تر بەداخەوە بەشێکی هاوڵاتیان  بەهەدەردان دەکەن لەبەکارھێنانی کارەبا و ئاو....کە دروست نییە بە هەدەردان لەهیچ شتێکدا چونکە نەک بۆ ئاو و کارەبا بەڵکو (لە کاتی دەست نوێژ ئەگەر لەسەر ڕووباریش بیت نابێت ئاو بە هەدەر بدەیت ) ئەو فەرموودە قیاسە بۆ هەموو شتەکانی تریش.

ک