زایەڵە - وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادەدەكرێت و دەنێردرێت بۆ بەغداد و دەشڵێت، "دوای وردبینیكردن لە لیستی مووچە دەخرێتە بەردەم وەزیری دارایی عێراق و تەموویلی مووچەی مانگی چوار دەكرێت".
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بە سیستمی پەیڕۆڵ لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادەدەكرێت لە زووترین كاتدا دەنێردرێت بۆ بەغداد.
وتیشی، "وردبینیكردن لە لیستی مووچەی مانگی چوار زۆر كاتی ناوێت و ئەو سەرنج و تێبینییانەی كە لەسەر لیستی مووچە هەبوون چارەسەركراون".
راشیگەیاند، دوای تەواوكردنی وردبینیكردنەكە لیستەكە دەخرێتە بەردەم تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و تەموویلی مووچەی مانگی چوار بۆ هەرێمی كوردستان دەكات.