زایەڵە - سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارى سووريا كۆبووه‌وه و لەم کۆبوونەوەدا بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و چاره‌سه‌رى سياسييانهى كێشه‌كان کردەوە.
«نێچيرڤان بارزانى» سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی عێراق، له كۆڕبه‌ندى دیپڵۆماسیی ئەنتالیا، له‌گه‌ڵ «ئەحمەد ئه‌لشەرع» سەرۆک کۆماری سووریا کۆبووەوە.
له‌م دیداره‌دا که له چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا The Antalya Diplomacy Forum به‌ڕێوه‌چوو، «نێچيرڤان ئیدریس بارزانى» سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و «ئەحمەد ئه‌لشەرع» سەرۆک کۆماری سووریا، داهاتووى پەیوەندییه‌كانى سووريا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێيهتيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش، كرده‌وه.
سه‌رۆك كۆمارى سووريا ديد و ڕوانينى خۆى بۆ سووريا خسته ڕوو كه هه‌موو پێكهاته‌كانى بگرێته خۆى و وڵاتى هه‌موو هاووڵاتييان و پێكهاته‌كانى بێت و ده‌ستوور، مافه‌كانيان بپارێزێت.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، وێڕاى ستايشى ڕوانينى سه‌رۆك كۆمارى سووريا، جەختی لەسەر گرنگيی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاته‌كه و چاره‌سه‌رى سياسييانهى كێشه‌كان کردەوە بە شێوەیەك کە مافی هەموو پێکهاتەکانی، به‌تايبه‌تى گه‌لى كورد له سووريا مسۆگەر بکات و ببێته هۆى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمارى سووريا جه‌ختى له خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌بوونى په‌يوه‌نديى به‌هێز له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه کە خزمەت بە بەرژەوەنديی هەردوولا بکات و یارمەتیدەر بێت لە بەدیهێنانی ئارامى و پاراستنى سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه و كاريگه‌رييان به‌سه‌ر عێراق و سوورياوه، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
مه‌نسوور جیهانی