زایەڵە - سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی شاندی ئیمراڵی و سەرۆککۆماری تورکیا، ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:
١. وێڕای بوونی چەندین تێبینی و گومان و خوێندنەوەی جیاواز بۆ نییەتی جدی و یاریکردن بەکات و بەکارهێنانی پرسەکە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و ترسی گۆڕانکاری ناوچەکە، بەڵام گۆڕانی پێگەی کورد و پرسی کورد لەنکۆڵیکردن لەبوونی نەتەوەیی و زمانەوە بۆ هاونیشتمانیی و برا کوردەکانمان، وەرچەرخانێکی گرنگە لەپرسی کورد لەتورکیاو هەڵوێستی تورکەکاندا بە تورکە نەتەوەپەرستەکانیشەوە.
٢. دانیشتنی خودی سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ شاندی ئیمڕاڵی هەر خۆی بۆخۆی جۆرێکە لە دانپێدانان و گرنگیدان بەپرۆسەکەو پرسەکە.
٣. گەشبینیی شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، نیشانەی گفتوگۆو تێگەیشتنێکی باشە بۆ پرۆسەکەو بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە.
٤. ئەگەرچی دەلاقەی ئەم گفتوگۆی ئاشتییە دەلاقەیەکی لێڵەو زۆرجار وەک پرۆسەیەکی تاکتیکی سەیردەکرێت، کە دەوڵەتی تورکیا بیەوێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکەو دەستکەوتی کاتی بەکاریبهێنێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتێکدا ئەگەر کورد وریایانە هەنگاو بنێت دەکرێت دەستکەوتی باشی لێبدروێتەوە، چونکە ئاسۆی کورد لەگۆرانکارییە نێودەوڵەتییەکان و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان تاڕادەیەکی باش ئاسۆیەکی ڕوونە.
٥. سەرکردەکانی پارتی کرێکاران و قەندیل تا ئێستا بەرپرسیارانەو لۆژیکانە لەگەڵ پرۆسەکەدا ڕۆیشتوون، هاوکات گەشبینی وەفدەکەی ئیمڕاڵیش دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، ئاماژەیە بۆ نزیکییەکی باش لەخواست و بۆچوونەکان، ئەگەرچی بەفەرمی هیچ لەم بارەیەوە نەوتراوە.
٦. پرۆسەی ئاشتیی لەتورکیا و پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ قەندیل تەنیا پەیوەندی بەرپرسی کورد لەتورکیادا نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆڵ و پشتیوانی و دروستکردنی دەرفەت هەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش.
٧. ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، وێڕای پێشوازی لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیادا، ئومێد ئەکەین ئەنجامی باشی هەبێت و کورد بتوانێت لەژێر سایەی حوکمێکی دیموکراسییانەی ڕاستەقینە بە خواست و داوا ڕەواکانی خۆی بگات، چونکە ئەمە هەم لەبەرژەوەندی خودی دەوڵەتی تورکیاو پێکەوەژیانی نەتەوەکانی ناو ئەو وڵاتەدایە، هەم بۆ کوردیش دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لەڕێگەی پرۆسەی ئاشتییەوە.
د.فەرهاد تۆفیق
وتەبێژی فەرمی
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
١٢-٤-٢٠٢٥