زایەڵە - لە ساڵی ۲۰۱٤ تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ۲۷ کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوت کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەبوو بۆ دەرهێنانی نەوت و گاز لە هەرێم کشاونەتەوە.
لە دوای داکەوتنی نرخی نەوت و شەڕی ڕێکخراوی داعـش و داگیرکردنی بەشێکی فراوانی عێراق و سوریا لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە، کشانەوەی کۆمپانیاکان دەستی پێکرد و هەندێکیان پشکەکانیان فرۆشت وەک کۆمپانیاکانی تاقە و تۆتاڵ و ئەداکس و ڕیسپۆڵ و بەشێکی تریان دەستبەرداری پشکەکانیان بوون و کێڵگەکانیان بەجێهێشت وەک کۆمپانیاکانی ئیکسۆن مۆبیل و KNOC و چەند کۆمپانیایەک کێڵگەکانیان ڕادەست کردەوە وەک پیت ئۆیڵ.
جگە لە دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی ۲۰۱٤ و شەڕ لە عێراق و سوریا فشارەکانی بەغدا و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە شوباتی ۲۰۲۲ دژی کەرتی نەوتی هەرێم و هاتنی کۆرۆنا لە ساڵی ۲۰۲۰ و بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و نەگەیشتنی هەندێ کۆمپانیا بە بەرهەمی نەوتی چاوەڕوانکراو و وشک بوونی چەند کێڵگەیەک هۆکاری سەرەکی کشانەوەو جێهێشتنی هەرێم بوون لەلایەن کۆمپانیاکانەوە. بەشێکی تریان پشکی خۆیان لە کێڵگەکان بە قازانجی زۆر فرۆشتەوە کۆمپانیای تر.
لەناو کۆمپانیاکاندا سێ کۆمپانیای گەورە لە ئاستی دە کۆمپانیای یەکەمی جیهان هەن کە ئیکسۆن مۆبیل و چیڤرۆنی ئەمەریکی و تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسی هەن.
گروپێکی تری کۆمپانیا هەیە کە بەچینی دووەمی کۆمپانیاکانی نەوت دەناسرێن بۆ قەبارەو توانایان لە ئاستی جیهان و دوای دە کۆمپانیا گەورەکەی جیهان دێن، لە هەرێم کشاونەتەوە دیارترینیان KNOC ی کۆری و تاقەی ئیماراتی و ڕیپسۆڵ و MOV.
ئەو ۲۷ کۆمپانیایەی لە کەرتی نەوت و غازی هەرێم کشاونەتەوە و هەرێمیان بەجێ هێشتووە بریتین لە ئیکسۆن مۆبیل، چیفرۆن، تۆتاڵ ئینێرجی، تاقە، ڕیپسۆڵ ئەداکس، پیت ئۆیڵ، تورکیش ئینیتی، KNOC ی کۆری، تالیسمان، سەتەرلینگ ئینێرجی، نۆربیست، MOV، ئەسپێکت، هێڵوود، پرینکۆ، مورفی ئۆیڵ، کۆمیت، هیسس، ڕیلانس، ماراسۆن ئۆیڵ، نیوئەێج، هێرتەیج، ئۆیڵ سێرچ، نیکۆ، لۆنگ فۆرد، ئافرین.
ک