زایەڵە-لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بە حەواڵە بە ٩ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تمەنی ئێرانییە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێش دەسپێکردنی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا لە مەسقەت، نرخەکەی ٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن بوو.

هەفتەی ڕابردوو دوای زیادبوونی لێدوان و ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران نرخی تمەن بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار بووە ١٠ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی ئێران و ئەمریکا، نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار رووی لە بەرزکردنەوە کرد.

ئەمڕۆ و دوای ئەو ئاڵۆزییانە بۆیەکەمجار ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان گەڕێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان بەڕێوەبرد و تیایدا لەسەر چەند پرسێکی نێوانیان بەتایبەتی دۆسیەی ئەتۆمی تاران وکەمکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران گفتوگۆیان کرد، دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان، رایانگەیاند، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و شەممەی داهاتوو سەرلەنوێ کۆدەبنەوە.

بەپێچەوانەی نرخی زێڕ کە لە بازاڕەکانی جیهان روو لە بەرزبووەنەوەیە، لە ئێران نرخەکەی رووی لە داکشان کرد و هەروەها پشکەکانی بازاڕی بۆرسەی تارانیش روویان لە هەڵکشان کرد.

هاوکات  ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، گفتوگۆیەکی ئەرێنی و بنیاتنەریان ئەنجامداوە.

ک