زایەڵە-ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی رایگەیاند، سبەی یەكشەمە ئاسمانی هەرێم بە زۆریی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای دهۆك هەوری تەواو دەبێت و ناوبەناو نمەبارانی پچرپچر دەبارێت لە ئەنجامی بەردەوامیی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باكوور لەسەر ناوچەكانمان.

دەشڵێت، "لە نیوەڕۆی دوو سبەی رۆژی دووشەمەوە شەپۆلێكی بەفر و بارانبارین لە دەریای ناوەڕاستەوە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە سەرەتاش لە سنووری پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی باكووری پارێزگای هەولێر دەستپێدەكات بە بارانی مامناوەند و پچڕپچڕ".

باسی لەوەش كردووە، دواتر بۆ رۆژی سێشەممە كاریگەریی ئەو شەپۆلە چالاكتر دەبێت بۆ سەر ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ئەگەری بارانی بەخووڕ و هەندێك كات هەورەبروسكە و تەرزە بارینیش دەبێت لەگەڵ بارینی بەفرێكی مامناوەند لە لوتكەی چیابەرزەكان لەبەرزیی زیاتر لە 1800 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە و نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەكانی گەرما و گەڕانەوەی كەشێكی زستانەیی سارد بۆ زۆربەی ناوچەكان و چالاكبوونی بای باشوور و باشووری رۆژئاوا بەخێرایی 15 تا 40كم لە كاتژمێرێكدا.

راشیگەیاند، كاریگەریی ئەم شەپۆلە ئێوارەی هەمان رۆژ سێشەممە بەرێژەیەكی لاواز بۆ مامناوەند درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەكانی ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و كەركوك و باكووری گەرمیان لەو ناوچانەشدا ئەگەری نمەباران بۆ بارانی مامناوەندی پچڕپچڕ دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان لە كۆتایی شەپۆلەكەدا لەكاتەكانی شەوی سێشەممە لەسەر بەرەبەیانی چوارشەممە كاریگەریی بارستە هەواساردەكە زیاتردەبێت بەهۆیەوە پلەكانی گەرما نزمتر دەبنەوە و ئەگەر هەیە بەفر دابەزێتە سەنتەری حاجی ئۆمەران و پێنجوێن و چیای ئەزمەر و بەگشتی ئەو ناوچە شاخاویانەی بەرزیان زیاترە لە 1200 مەتر بەڵام رێژەی بەفرەكە كەم ئەبێت لە نێوان 1 تا 3سم و بەرەبەیانی چوارشەمە كۆتایی بە شەپۆلەكە دێت و كەش سەقامگیردەبێتەوە، بەڵام پلەكانی گەرما بۆ رۆژی چوارشەممە بە نزمی ئەمێنێتەوە كەش ساردەبێت هاوشێوەی كاتەكانی زستان.

ک