زایەڵە-مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 37ـەمین ساڵیادی جێنۆسایدی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، ئەنفال تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون.

لە پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەت دەڵێت: لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی(ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە .

مەسرور بارزانی جەختیشدەکاتەوە لەوەی، "لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

ک