زایەڵە-نزیکەی چوار مانگە رووفاتی 155 ئەنفالکراو لە بەغدایە، دوای 37 ساڵ، تەنیا 1%ی رووفاتەکانی ئەنفال گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان. بەرپرسی مۆنیومێنتی ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە هەڵدەدرێنەوە.

ئەمڕۆ 14ی نیسانی 2025 هێمن حەسیب، چالاکوانی داکۆکیکار لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وتی، "لە 37 ساڵی رابردوودا تەنیا رووفاتی 2441 هاونیشتمانی گەڕێندراونەتەوە، لەو ژمارەیە 1745 کەس لە ئەنفالکراوانی سنووری پارێزگای سلێمانین کە لە 24 گۆڕی بەکۆمەڵدا دەرهێندران. هەروەها 696 رووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانە، کە بە سێ قۆناخ و لە 5 گۆڕی بەکۆمەڵ دەرهێندران."

ئەو رووفاتانەی لە پڕۆسەی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورددا تەرمەکانیان لە بیابانەکانی عێراقەوە تاوەکو ئەمڕۆ گەڕێندراونەتەوە لەم ناوچانە بەخاکسپێردراون:

چەمچەماڵ: 1010 رووفات

بادینان: 696 رووفات

گەرمیان: 399 رووفات

دووکان: 256 رووفات

تۆپزاوە: 80 رووفات 

لە ناوچەی تەلشێخەی سەماوە، 16-01-2025 هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ کۆتاییهات و رووفاتی 155 ئەنفالکراوی کوردی تێدا دەرهێندرا، دواتر رەوانەی دادپزیشکی بەغدا کران و تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەبارەی ئەو رووفاتانەی لە بەغدان، هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ، بەمیدیاکانی وت، "بۆ گەڕانەوەی ئەو رووفاتانە رێکاری کارگێڕی و یاسایی ماوە، کە بریتییە لە پشکنینی خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراون، هەرکات ئەوە تەواو بوو دەگەڕێندرێنەوە."

بەڕێوەبەری مۆنیومێنتی چەمچەماڵ کە سنوورەکەیان زۆرترین رووفاتی لێ نێژراوە، دەڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی ژمارەیەکی دیکە گۆڕی بەکۆمەڵ لە تەل شێخەی بیابانەکانی پارێزگای سەماوە لە عێراق."

دوایین گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، سەرەتای ساڵی رابردوو بوو، کاتێک دوای نزیکەی پێنج ساڵ رووفاتی 171 هاونیشتمانی ئەنفالکراو گەڕێندراوەیە هەرێمی کوردستان، کە ساڵی 2019ـەوە لە دادپزیشکی بەغدا بوون و لە بیابانی تەل شێخە دەرهێندرابوون.

ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیانوایە، دەکرێت کاری زیاتر بکرێت بۆئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن.

پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا، ئەنفالی وەکو جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش کە دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە، لە سێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید لە ساڵی 2010.

لە هەڵمەتی ئەنفالدا جگە لەوەی سەتان هەزار هاووڵاتی شەهیدکران، زیاتر لە 4500 گوندیش رووخێندران.

ئەنفال بە 8 قۆناغ بەڕێوەچوو، تێیدا نزیکەی 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ کران. ئەنفال لە گەرمیانلە 14ی نیسانی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەکو ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشان کراوە و یادی دەکرێتەوە.

ك