زایەڵە-بەبۆنەی پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەین/
وتیشی: بەپێویستی دەزانین سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەریەك لە، سەرۆككۆماری عیراق، سەرۆكوەزیرانی عیراق، سەرۆكو دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراكسیۆنە كوردستانییەكان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكو جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و داوایان لێدەكەین پشتیوانی زیاتری هەڵەبجە بن.
راشیگەیاند،هیوادارین پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ئاوڕدانەوەی جددی بێت لە خزمەتگوزارییەكان و زیادكردنی هەلی كار بۆ پارێزگاكە، هەروەها یەكدەنگی كورد بوو لەبەغدا كە توانی هەڵەبجە بكاتە 19 هەمین پارێزگای عیراق و چوارەمین پارێزگای هەرێم، بەمەش تاڕادەیەك خەمی سەرشانمانی سوككردو رۆحی شەهیدەكانمانی شاد كرد، ئاواتە خوازین بەم گڕوتینی یەكدەنگییەوە شەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی دیكەمان بكەن.
ئەمڕۆ دوو شەممە 14-4-2025، بەئامادەبوونی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی عیراق، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسندكراو هەڵەبجە بوو بە 19 هەمین پارێزگای عیراق.
ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی 13ی 3ی 2014 بە رەسمی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەك چوارەم پارێزگای كوردستان ناسێندرا و بووە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆك، هەروەها پارێزگای 19هەمینە لەسەر ئاستی عیراق.
پارێزگای هەڵەبجە، یەك قەزاو چوار ناحیە لەخۆ دەگرێت، لەوانە سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ، هەروەها لە 166 گوند پێكدێت.
ک