زایەڵە - وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی "جێگەی گفتوگۆ نییە"، بەڵام ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکان.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025،  لە تاران بە رۆژنامەڤانانی گوت، پڕۆگرامی "پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پرسێکی راستەقینە و قبووڵکراوە. ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکان"؛ بەڵام "پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم جێگەی گفتوگۆ نییە". 

ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هاتن، دوێنێ سێشەممە نووسینگەی نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێکس راگەیێندراوێکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکای بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەبێت مەرجەکانی ترەمپ (دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا)ـی تێدابێت".

نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەشڵێت: "هەر رێککەوتنێک واژۆبکرێت، دەبێت چوارچێوەیەک بۆ ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابنێت". 

ستیڤ ویتکۆف ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم و پڕۆگرامی دروستکردنی چەک رابگرێت و نەیانهێڵێت"؛ جەختی لەوەش کردەوە کە "زۆر گرنگە بۆ جیهان رێککەوتنێکی بەهێز و دادپەروەرانە بکەین کە درێژمەودا بێت". 

شەممە شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە.