زایەڵە-وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایدەكات، بۆ دابینكردنی كرێی ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوت لە هەرێم كاردەكەن، بەغداد بەنوسراو دڵنیای كردونەتەوە كە شایستە داراییەكانیان خەرج دەكرێت، ئەوەش بوەتەهۆی رەوینەوەی مەترسییەكانیان.

لە میانەی دیداری سلێمانی، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دابینكردنی كرێی ئەو كۆمپانیایانەی لە بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، لەگەڵ هەرێم دانوستانیان كردوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەمواری یاسای بودجەیان كردوەتەوە.

 لەرێگەی نوسراوێكی فەرمییەوە كە لەلایەن وەزیری داراییەوە واژۆ كراوە، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دڵنیا كراونەتەوە و بەڵێنیان پێدراوە شایستە داراییەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، ئەوەش هۆكاری گەڕاندنەوەی متمانە و رەوینەوەی مەترسییەكانیان بوە.

 سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، كاریگەریی لەسەر رەوتی دانوستانەكانی نێوان هەردولا و بەدیهاتنی  تێگەیشتنەكانی ئەمدواییە هەبوە.

لەبەر ئەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە پشكی عێراق لەلایەن رێكخراوی ئۆپێكەوە دەبڕرێت، ناچاربون بەرهەمهێنانی نەوتی فیدراڵی كەمبكەینەوە، ئەوەش كاریگەریی لەسەر پشكی هەناردە نەوتی عێراق هەبوە.

ک