زایەڵە ـــ "دەستەی شاخەوانیی لووتکە" بە بەشداری دوو شاخەوانی ناسراوی ئەمریکایی بەرنامەیەکی تەکنیکیی لە چیای"ئەژدیھا"جێبەجێ دەکەن.

تیمێکی تایبەتی"دەستەی شاخەوانیی لووتکە"، لە چیای"ئەژدیھا"ی نزیک شاری دوکان، سنووری پارێزگای سلێمانی، بەرنامەیەکی  تەکنیکیی بەردەوانییان جێبەجێ کرد کە تیایدا دوو شاخەوان و بەردەوانی ناسراوی ئەمریکی وەکوو میوان لەو بەرنامەیەدا بەشدارییان کردووە.

ڕاگەیاندنی گرووپی شاخەوانی لووتکە: دیوارەی ئەژدیھا لە کڵاسی دیوارەی گەورە ھەژمار دەکرێت کە لە (٧) کارگە پێک ھاتووە و جۆری کارگەکانی زنجیر و ڕینگە. بەرزیی ئەو دیوارە بەردەوانییە لە خاڵی دەستپێکەوە ٣٣٠ مەترە. بەگوێرەی مەزندە و ئەزموونی شاخەوانانی"دەستەی شاخەوانیی لووتکە"، پلەی سەختیی دیوارەی بەردەوانیی ئەژدیھا  بە (٥،١٠) مەزەندە دەکرێت کە لە زمانی شاخەوانیی و بەردەوانیدا، پلەیەکی سەخت و ئەستەم و دژوارە بۆ سەرکەوتن و دابەزین.

بەشی ڕاگەیاندن وتی: پلەی سەختی ئەو پێناسەیە کە وەرزشوانانی شاخەوانیی و بەردەوانیی بۆ ڕێڕەو و ڕێگاکانی سەرکەوتن لە شاخەوانیی و بەردەوانیدا بەکاری دەھێنن، ئەمەش بۆ دەرخستنی ئاستی سەختیی و دژواریی ڕێڕەوەکە و ھەروەھا بڕی ئەو کاتەی بۆ سەرکەوتن و ھاتنە خوارەوە  پێویستە.

بەشی ڕاگەیاندن وتیشی: "دەستەی شاخەوانیی لوتکە" ئاماژە بەوە دەکەن، بەردەوانیی لە دیوارەی گەورە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و کارەکانی جیایە لە سپۆرت و یەک کارگە، بەردەوانەکان پێویستە شارەزایی تەواویان لە درووستکردنی جۆرە جیاوازوکانی کارگە و حمایەتکردن لە سەرەوە و خوارەوە وە لەھەمان کاتدا توانای مانەوەی لە بەرزی زۆردا ھەبێت لەسە گوریس و کارگەی ھەڵواسراو. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوانەکان پێویستە خاوەنی توانایەکی جەستەیی و دەروونیی بەھێز و ئەزموونێکی زۆربن بۆئەوەی بتوانن بەرنامەیەکی سەرکەوتوو لەو دیوارە بەردەوانییە سەختەدا جێبەجێ بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو بەردەوان و شاخەوانە ئەمریکییە کە لەو بەرنامەیەدا  بەشدارییان کردووە، خەڵکی ویلایەتی"ئالاسکا"ن.  ئالاسکا، یەکێکە لە ویلایەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای بەشی ئەو وڵاتە کە خاوەنی یەکێک لە بەرزترین زنجیرە چیاکانی ئەو وڵاتەیە و  بەشێک لە شاخەکانیشی بەرزییان لەسەرووی شەش ھەزار مەترییەوەیە.

ئەم دوو بەردەوانە، ئەزموونی زیاتر لە ١٥ ساڵ کاری تەکنیکیی و بەردەوانیی، ھەروەھا درووست کردنی ڕێڕەوی بەردەوانییان ھەیە. لە زیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیھان دیوارەی بەردەوانییان بنیاد ناوە. لە ئێستاشدا لە ھەرێمی کوردستانن بۆ چەند بەرنامەیەکی بەردەوانیی و تەکنیکیی.

"دەستەی شاخەوانیی لووتکە"، لە چەند شاخەوان و بەردەوانێکی ناسراو و  شارەزا و خاوەن ئەزموونی سنووری سلێمانی پێکھاتووە و کار لەسەر شاخەوانیی و بەردەوانی تەکنیکیی دەکەن بە لەبەرچاوگرتنی ستانداردە باوەڕپێکراوەکانی دنیای شاخەوانیی مۆدێرن و بنەماکانی پارێزراویی و سەلامەتیی.

محەمەد چاوشین:بەشی ڕاگەیاندنی  فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان.