زایەڵە-ئەمڕۆ لە بەغدا هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، لەسەر پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبنەوە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شەمە 19ـی نیسان، شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە بەغدا دەبن و بەیەكەوە كۆ دەبینەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن. هیوادارین بەزووترین كات بگەینە ڕێككەوتن، چونكە سامانی عێراق پێویستیی بەوەیە هەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێ بكاتەوە.
زیاتر لە دوو مانگە، هەمواری ئەو مادانەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە تایبەت بوون بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە پرسە گەرمەكانی دیداری سلێمانی بوو لە هەفتەی پێشوودا، سەركردە و بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەرزترین ئاستدا گفتوگۆیان لەسەر كرد.
"پێویستیی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان"، خاڵی هاوبەشی بەرپرسانی هەولێر و بەغدا بوو، هەروەها جارێكی تر ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەبڕی.
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی كردەوە كە ئەوان پابەندییەكانی خۆیان جێبەجێ كردووە، چاوەڕێی بەغدا دەكەن تا لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان رێك بكەوێت و زیانەكانی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستانیشی بە زیاتر لە 23 ملیار دۆلار دانا.
هاوكات وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندبوو، لەگەڵ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان هەندێك گرفت هەبوون و ئەوانیش چارەسەر كراون، كۆمپانیاكانی نەوتی كوردستان داوای دڵنیایان لە خەرجكردنی پارەكەیان لەلایەن بەغداوە كردبوو، بەگوتەی وەزیر ئەو دڵنیاییە دراوە و ئەمڕۆ هەموو شتێك چارەسەر دەكرێت.
ک