زایەڵە - زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٣ ملیار دۆلار بووە، نە حکوومەتی هەرێم، نە حکوومەتی عێراق نە تورکیا سودیان لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم نەبینیوە.

ئەمە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە نۆیەمین دیداری سلێمانی لە پانێلێکی تایبەتدا باسی کرد.

لە رۆژى ٢٥ـی ئازارى ٢٠٢٣ و بە بڕیارى ژووری ناوبژیوانى دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێم کە ٤٥٠ هەزار بەرمیلى رۆژانە بوو راگیراوە لەو کاتەوە تا ئێستا نەوتی هەرێم بەشێوەی قاچاخ ساغ دەکرێتەوە و داهاتەکەشی دیار نیە لە چیدا خەرج دەکرێت.

عێراق ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش لە رۆشنایی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی خەرجکردووە ئەوەش وایکردووە هەرێم بۆ خەرجکردنی مووچە پشت بە نەوتی بە قاچاخ فرۆشراو نەبەستێت.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند جارێک هەوڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆرییەوە دراوە بەڵام هەوڵەکان بە بیانوی جیاوازەوە شکستیان پێ هێنراوە.

عێراق لە ژێر فشاری ئەمریکییەکاندا داوای دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکات بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم ئاستی داخوازییەکانیان بەرزکردووەتەوە و ئامادە نین هەناردەکردن دەست پێ بکەنەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی ئاژانسی رۆیتەرز لە زنجیرەیەک راپۆرتدا ئاشکرای کردوون، هەرێمی کوردستان رۆژانەی ٣٧٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەو بڕەیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزاری بە تانکەری هەناردەی ئێران و تورکیا دەکرێت.


رۆیتەرز پشت بەست بە ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار ئەوەی ئاشکرا کردووە، داهاتی مانگانەی ئەو نەوتە بە قاچاخ براوە ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، بەڵام دیار نیە لە چیدا خەرج دەکرێت.

حکوومەتی هەرێم و بە دیاریکراوی وەزارەتی دارایی لە هیچ کام لە راگەیەندراوە فەرمییەکانیدا باسی ئەو داهاتەی نەکردووە کە لە فرۆشی نەوتی قاچاخەوە بە دەست دەخرێت.

بە بڕوای شارەزایان لە دۆسیەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم تەنیا دەڵاڵەکانی نەوت سودیان بینیوە و سەرجەم لایەنە فەرمییەکانی دیکە زیاندمەندبوون.

عێراق بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە ناچار بووە مانگانە نزیکەی ترلیۆنێک دینار پارە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکات بێ ئەوەی هیچ نەوتێکی لەلایەن کوردستانەوە رادەست بکرێت.

ك