زایەڵە-خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو و هەردوولا ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستکردن بە خولێکی نوێی دانوستان کە بەمزوانە ئەنجام دەدرێت.
کۆبوونەوەی دووەم لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، بە میوانداری باڵیۆزی عومان دانیشتنەکە بەڕێوەچوو، ئێران کەشوهەوای گفتوگۆکانی بە بنیاتنەر وەسف کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە تیمە تەکنیکی و تایبەتمەندەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بۆ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی داهاتووی نێوان هەردوولا .
شاندی ئەمریکی بە سەرکردایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شاندی ئێرانی بە سەرکردایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەشداری گفتوگۆکانیان کرد.
هەرچەندە ئێران بەردەوام دەڵێت گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن، بەڵام لە هەمان شوێن و لە هەمان هۆڵ دیدارەکان ئەنجام دەدرێن.
وردەکاری وردی ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕۆمادا ڕوویداوە تا ئێستا ڕوون نییە، بەڵام بە گوێرەی میدیاکان دانوستانەکان تا ئەو ڕادەیە پێشکەوتووە کە ئێستا هەردوولا پلانیان هەیە لە ڕێگەی تیمێکی پسپۆڕەوە دانوستان لەسەر بنەما و وردەکارییە تەکنیکییەکان بکەن.
میدیاکان زانیاری ئەوەیان ئاشکرا کردووە لەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم گفتوگۆکان بەڕێوەچوون.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عومان، ئێران و ئەمەریکا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بچنە قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەردوولا دڵنیابوون لەوەی ئێران بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو نەنێت.
هاوکات بەدر ئەلبوسەید، وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری خۆی لە ئێکس سوپاسی عەباس عەراقچی و ستیڤ ویتکۆفی کرد بۆ ئاڕاستەی ئەرێنی دانوستانەکان و نووسیویەتی: گفتوگۆکان خێرایی زیاتریان بەدەستهێناوە و تەنانەت دەتوانین چاوەڕوانی ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو بین.
هەرچەندە تا ئێستا دیار نیە ئاڕاستەی گفتوگۆکان بەرەو کوێ دەڕوات بەڵام باس لە پلانێک کراوە کە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە هاوبەشی و چاودێری ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە ئەنجام بدرێت.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بژاردەی سەربازیی دژی تاران وتی پێویستی بە پەلەکردن نیە و پێی وایە ئێران ئێستا هاتوەتە سەر مێزی گفتوگۆ چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆکان دەکات.
ك