زایەڵە - لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە نادر روستی شارەزای گەشتوگوزار ڕایگەیاند،پشت بەستن بە بەرهەمە ناوخۆییەكان بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و دابینكردنی هەلیكار چەندە گرنگە، بەهامان شێوە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و زیادكردنی داهاتی گەشتوگوزار گرینگە، لە لایەك ژمارەی گەشتیاران زیاد دەكات، لە لایەكی تر داهاتی گەشتیاری زیاتر دەكات و دەبێتە هۆكار بۆ زیاتركردنی داهاتی وڵات،بەمەرجێ كە بتوانرێ لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی پەرە بە بەرهەمە ناوخۆییەكان ( خۆماڵییەكان) بدەین.

وتیشی، سرووشت و خواستی گەشتیاران بەتایبەت گەشتیارانی بیانی زیاتر داوای كاڵا و بەرهەمی ناوخۆیی دەكەن، بۆیە گەشتیاران ڕوو لە هەر ناوچە و وڵاتێك بكەن زیاتر ئارەزووی بەكارهێنانی بەرهەمە ناوخۆییەكان دەكەن، ئەمەش دەرفەتێكی گرنگە بۆ زیاتر گرینگیی دان بە بەرهەمە ناوخۆییەكان.پرسیار ئەوەیە بەرهەمە ناوخۆییەكان بۆچی گرنگن بۆ كەرتی گەشتوگوزار؟ هەروەها چۆن بتوانین بەرهەمە ناوخۆییەكان پەرەپێبدەین؟ سەبارەت بە پرسیاری یەكەم: هەركات گەشتیاران و هاووڵاتیان پێداویستییەكانیان بكڕن، لە بەرامبەردا بڕە پارەیەك دەدەن، ئەو بڕە پارەیە دەبێت بە دوو بەش، بەشی یەكەم نرخی تێچووی بەرهەمەكەیە، بەشی دووەم ئەو كەلك وسوودەیە (قازانج) كە بۆ فرۆشیار و بازرگانەكان دەڕوات، وەك ڕوونە زۆربەی فرۆشیار ناوخۆیین، بەڵام هەندێكجار بازرگان ناوخۆی نین، بۆیە ئەو بەشە سوودەی دەكەوێتە دەست بازرگان، بۆ دەرەوە دەڕوات. 

هێمای بەوەشکرد،سەبارەت بە خەرجی تێچووی بەرهەم و كاڵاكان كە گەشتیار دەیانكڕێت، پارەی كڕیار بۆ ئەو كارگە و وڵاتە دەڕوات كە بەرهەمەكەی لێ دروستكراوە، ئەمەش وادەكات كە بڕێكی زۆر لەو پارەی گەشتیار هێناویەتە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی كڕێنی كەلوپەل و كاڵای هاوردەكراو بۆ دەرەوەی وڵات بڕوات. بۆ نموونە كاتێك گەشتیار 5 كیلۆ سێوی ئێرانی  بە 5 هەزار دینار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بكڕێت، ئەوە 2هەزار و 500 دینار بۆ وڵاتی ئێران دەڕوات، 2 هەزار و 500یش بۆ بازرگان و فرۆشیاری هەرێمی كوردستان دەڕوات، بەمەرجێ بازرگانەكە هاوڵاتی كوردستان بێت، بەڵام كاتێك نرخی كاڵاكەی هاوردە كراوە زۆر بێت، ئەوە تەنها بڕی كەمتر لە چارێكێك بۆفرۆشیار و بازرگانی هەرێم دەبێت، بۆ نموونە گەشتیار بەبڕی 100 دۆلار پێداویستییەك بۆ ماڵ بكرێت و لەگەڵ خۆیی بەرێتەوە، رەنگە تەنیا 25 دۆلار بۆ فرۆشیار و بازرگانە ناوخۆیەكە بێت. ئەم نموونانە پێمان دەڵێن زیاتر لە نیوەی ئەو پارانەی كە گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستانی هێناوە، بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەڕوات، واتە ئەگەر گەشتیار 10000 دۆلار (10 وەرەقە) لە هەرێمی كوردستان خەرج بكات، تەنیا 5000هەزار (5وەرەقە) بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت. كەواتە كاتێك داهاتی گەشتیاری  لە هەرێمی كوردستان یەك ملیار دۆلار بیت، ئەوە زیاتر لە  500ملیۆن دۆلار بۆ دەروەی هەرێمی كوردستان دەڕوات. واتە زیاتر لە نیوەی بۆ دەرەوە دەڕوات.

ک