زایەڵە - بە دەستپێشخەری بانكی ناوەندی عێراق بۆ پێدانی قەرزی درێژخایەن بۆ دانانی پانێڵی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش دەتوانن سودمەند ببن لە وەرگرتنی ئەو قەرزە، ئەوەش بەمەستی كەمكردنەوەی فشارە لەسەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لە عێراق.


سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانكی ئەهلیی عێراقی رایگەیاند: بانكی ناوەندی پارە دەداتە بانكە مۆڵەتپێدراوەكان و ئەوانیش دەیدەنە هاووڵاتییان بۆ كڕین و دانانی ئەو پانێڵە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەو دەستپێشخەرییەی بانكی ناوەندی، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و چەند بانكێك داواكارییان پێشكێش كردووە بۆئەوەی بەشداربن.


ئاماژەی بەوەشكردووە، قەرزەكە بۆ خانوو یان پڕۆژە دەبێت و بڕی پارەكەی لەنێوان حەوت بۆ 30 ملیۆن دینار دەبێت، هاوكات بانكی ناوەندی بە سوودی 1.5% پارەكە دەداتە بانكەكان، ئەوانیش بە سوودی 4% بۆ 4.5% دەیدەنە هاووڵاتییان بۆ كڕینی ئەو پانێڵە، كە درێژخایەنە و بۆ ماوەی 5 ساڵە


بەڕێوەبەری هەرێمیی بانكی ئەهلیی عێراقی ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، ماوەی پارەداركردنی بانكەكان لەلایەن بانكی ناوەندییەوە حەوت ساڵە و ئەو كۆمپانیایانەی پەسند كراون بۆ دابینكردنی ئەو سیستمە لە عێراق، بریتین لە كۆمپانیاكانی ئەزوا، حەدبا، تەنویر، حوڕە، هەندەسە، كەسك، بنمور و عیز، بەڵام دەرفەت هەیە بۆ زیادبوونی ئەو كۆمپانیایانەی رێگەپێدراون پانێڵی وزەی خۆر بە قەرز دابین بكەن، هاوكات بەگوێرەی رێنماییەكی بانكی ناوەندیی عێراق، دوایین بڕی رێگەپێدراوی قەرزی بانكەكان بۆ ئەو پانێڵانەی لە خانوو یان پڕۆژەی بچووك دادەنرێن، 7 ملیۆن دینارە و ئەو پانێڵەی بەو پارەیە دەكڕدرێت توانای هەیە 11 ئەمپێر كارەبا بدات.

ک