زایەڵە - بەبۆنەی واژۆکردنی بڕیاری بەپارێزگا بوونی هەڵەبجە لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆماری عێراقەوە، وێڕای دەستخۆشی لەجەنابی سەرۆککۆمارو سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی و نوێنەرانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی لەو پرسەدا خەمخۆرانەو پشوو درێژانە هەوڵیاندا، دووبارە پیرۆزبایی گەرم لەکەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە و سەرجەم دانیشتوان و هاوڵاتیانی پارێزگاکەو تەواوی کوردستان دەکەین.
هەڵەبجە بەجەستەی خوێناوی و لاشەی پڕلەزام و ئازارەوە لەناو کەشکۆڵی خەمخۆرانیداو لەدووتوێی هۆنراوەی شێرکۆدا خۆی گەیاندە بەغداو دواجار بەهەوڵ و پشوو درێژییەکی زۆرو دوای ململانێیەکی سەخت تەنانەت هەوڵی پەکخستنی دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانیش، دواجار ئەمڕۆ بەواژۆکردنی کۆتایی بڕیارەکە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، توانی پشوو بدات. لێرەوە ڕایدەگەیەنین پێویستە هەموو لایەکمان هەوڵەکانمان یەکبخەین تا حکومەتی عێراق داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانیانی پارێزگاکە بکات و بودجەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوپارێزگایەو قەرەبووی مادیی و بودجەی پەرەپێدان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پارێزگاو بەنێودەوڵەتیکردنی خاڵەسنورییەکانی بکەینە تێشووی سەفەرو بەکەشکۆڵی پڕ لەخزمەتگوزارییەوە هەڵبجە لەبەغداوە بگەڕێنینەوە باوەشی شارەزوور و نشتمان، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەڕووی خزمەتگوزارییەوە بایەخی زیاتری پێبدات و لەڕووی ئیداریشەوە بیگەڕێنێتەوە سەر سنوری قەڵەمڕەوی کۆنی مێژوویی خۆی کە لەچوارتاو پێنجوێن و هەڵەبجەو پشتەو بەمۆ و کفری و خانەقی.
ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین وەک چۆن لەڕابردوودا لەخزمەت ئەوشارە زوڵملێکراوەدابووین بەتایبەت خودی جەنابی محمدی حاجی محمود سەرۆکی پارت، بەهەمان نەفەس لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا قەرەبووی تەواوی مادی و مەعنەوی پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە.
* وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان