زایەڵە-بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر ئاماژە بەوەدەكات، دڵنیایی تەواو دەدەین بە هاووڵاتییانی كوردستان، بەرهەمی پەلەوەرییەكانی ناوخۆ زۆر باشن و لە ڕووی نرخیشەوە هەرزان و گونجاوە، بۆیە داوایان لێ دەكەین مریشك بكڕن و لە گۆشتی سور دوور بكەونەوە.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، ڕایگەیاند: هۆكاری قەدەغە كردنی مریشكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی كوردستان، بۆ حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، ئەویش حكوومەتی عێراق هەوڵی زیاد كردنی كێڵگە لەوەرییەكان دەدات، جگە لە زیادبوونی كێڵگەكان، ئێستا كاتی پێگەیشتنی مریشكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی خوارو ناوەڕاستی عێراقە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كوالێتی كێڵگەكان و بەرهەمهێنانی مریشك لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە، بۆیە بەردەوام ڕێگری لە هەناردەكردنی بەرهەمی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و بیانویی جۆراو جۆر و بێبنەما دەدۆزێتەوە، هاوكات بەدواداچوون و گفتگۆ  بۆ ئەو گرفتە ماوەیەكی زۆرە هەیە، بەڵام حكوومەتی عێراق وەكو پێویست نایەتە ژێربار.

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەولێر ئەوەشی وتووە، حكوومەتی عێراق بە ملیارها دۆلار دەدات بە مریشیكی هاوردە، بەڵام پێی ستەمە مریشكی كوردستان هاوردە بكات كە بەرهەمی ناوخۆی وڵاتە، حكوومەتی عێراق بەتەواوی خەریكی جیاكاری پارێزگاكانە بەتایبەت هەرێمی كوردستان، كە چاوی بە گەشەكردنەكەی هەڵنایەت، ئێمە دڵنیایی تەواودەدەین بەهاووڵاتییان، بەرهەمی پەلەوەرییەكانی ناوخۆی كوردستان زۆر باشن ولە ڕووی نرخیشەوە هەرزانن، نرخی یەك كیلۆ مریشكیش بە دوو هەزار 400 دینارە، بۆیە ئێمە ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەكەین، لە بری ئەوە گۆشتی سوور بكڕن، ڕوو لە كڕینی مریشیكی خۆمانە بكەن، كە هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە.

ک