زایەڵە - وەزیری دارایی هەرێم پێشوازیكرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی زایەڵە كەوتووە و تێیدا هاتووە، رۆژی سێشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیكرد لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان. 

لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی كاری تیمە هاوبەشەكان كرا كە ماوەی چەند رۆژێكە بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی وردبینی لە داهات و خەرجیی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2025 لە هەرێمی كوردستانن.   

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دارایی وەك هەمیشە ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەكانی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی دووپاتكردەوە و رایگەیاند، "هەرچی داتا و زانیاریی پێویست و بەردەست بێت دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان".   

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا وەزیری دارایی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراقی لەسەر ئاستی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ تیمە هاوبەشەكان روونكردەوە كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاتر بووە رەوانەی خانەنشینیكراون و بەشێك لەوانەشی كەسوكاری شەهید و زیندانییانی سیاسی بوون بە پێی بڕگەیەكی یاساكە خزمەتیان بۆ درێژكراوەتەوە و هاوكات كورتەیەكیشی لەسەر دوایین هەنگاوەكانی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچە لە خستەڕوو و ڕایگەیاند، بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی دانراون لە ئەمساڵدا زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانكی خۆیان و پرۆسەكەش بەباشی بەڕێوەدەچێت.    

ک