زایەڵە - هێز و لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و سیاسی سەربەخۆ سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش بەرامبەر بە لیستی پارتی و یەكێتی.
هەر یەك لە نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری و ڕەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل و ژمارەیەك كەسایەتی سەربەخۆ دەستییان كردووە بە گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
بەپێی زانیارییەكان، تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكان خاڵی هاوبەشییان ئەوەیە كە هەموویان لەگەڵ ئەوەدان كاری هاوبەش و پێكەوەیی ئەنجام بدەن لە نێویشیدا دروستكردنی لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەر لایەنێك بەجیا تێبینی خۆیان هەیەو بۆچۆنی جیاوازییان هەیە.
نەوەی نوێ
لە كۆبونەوە دوو قۆڵی و سێ قۆڵییەكان و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ سەرجەم سەرۆك حیزبەكان ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ بەشداریكردن لەو لیستە هاوبەشە. بەڵام شاسوار پێی وایە لە كاتی تۆماركردنی ئەو لیستەدا دەبێت خودی خۆی سەرۆكی ئەو قەوارەیە بێت كە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆمار دەكرێت.
یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانی نەوەی نوێ ئەوەیە كە دەبێت لەسەرجەم پارێزگاكان كاندیدی نەوەی نوێ ببێتە سەرۆكی لیستی ئەو هاوپەیمانێتییە. جگە لەوەش نەوەی نوێ نایەوێت ژمارەیەكی زۆر لە كاندید لە لیستە هاوبەشەكە دابنێت، بەڵكو دەیەوێت ئەو كاندیدانەی دەیاندەنێت شانسی دەرچوونیان هەبێت بە سوود وەرگرتن لە دەنگی لایەنەكانی دیكەی بەشدار لەو هاوپەیمانێتییە.
نەوەی نوێ، سودمەندی سەرەكی دەبێت لە پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە، بەتایبەت كە ئەگەر داواكارییەكانی وەك خۆی جێبەجێبكرێـت. بەتایبەت ئەگەر ئەو حیزبە سەركەوتووبێت لە دابەشكردنی دەنگەكانی بەسەر كاندیدەكانیدا لە نێو ئەو هاوپەیمانێتییە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكێكە لەو هێزانەی كە پەرۆشی هەیە بۆ دروستبوونی ئەو لیستە هاوبەشە لە نێو لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی. یەكگرتوو پێی وایە لیستێكی هاوبەش نەبێت ئەو یاسایەی ئەمجارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پێ ئەنجامدەدرێت لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، بەڵكو لە چوار چێوەی هاوپەیمانێتی ئەمجارە دەتوانن پارێزگاری لە قەبارەی خۆیان بكەن.
یەكگرتوو، تێبینی هەیە لەسەر ئەوەی كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی قەوارەی ئەو لیستە هاوبەشە بێت، بەڵكو پێیان وایە دەكرێت كەسایەتییەكی بێ لایەن سەرۆكی ئەو قەوارەیە بێت.
ئامانجی یەكگرتوو لە بەشداریكردن لە لیستە هاوبەشە پارێزگاری كردنە لەو چوار كورسییەی كە لە پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی هەیەتی و لە پارێزگای هەولێریش بەسوود وەرگرتن لە لیستی هاوبەشی لایەنەكان كورسییەكی پارێزگاكە بباتەوە.
كۆمەڵی دادگەری
كۆمەڵی دادگەری نەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵكو بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەگەڵ دروستكردنی لیستی هاوبەشدا بوو. بەڵام لە ئێستادا كۆمەڵ هەندێك تێبینی لەسەر هەڵوێستی بەشێك لەو لایەنانە هەیە كە لەدەرەوەی پارتی و یەكێتین و پێیان وایە بەشێك لەو لایانانە لیستی هاوبەش وەك تەكتیكی هەڵبژاردن سەیردەكەن نەك وەك ستراتیژ و باوەڕیان بە كاری هاوبەش هەبێت.
كۆمەڵی دادگەری پێی وایە لەسەر ئاستی بردنەوەی كورسی پەرلەمانی لە ڕێی ئەو لیستە هاوبەشەوە دەتوانن ئەو یەك كورسییەی كە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق هەیانە بیگەیەنن بە دوو بۆ سێ كورسی. بەتایبەت لە هەولێر بتوانن دەنگەكانیان زیاد بكەن و بیگەیەنن بە كورسی پەرلەمانی.
ڕەوتی هەڵوێست
بەرپرسانی ڕەوتی هەڵوێست تێبینی سەرەكییان لەسەر بەشداریكردنی شاسوار عەبدولواحیدە لەو لیستە هاوبەشە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو بەرپرسانی ئەو ڕەوتە زۆرترین قسەیان لەسەر شاسوار عەبدولواحید و نەوەی نوێ كردووەو وەك پاشكۆی پارتی و یەكێتی لە قەڵەمییانداوە.
بەرپرسانی ڕەوتی هەڵوێست لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان، داوایان كردووە كە بەر لە پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە دەبێت بەرنامەو پلانی ئەو لیستە بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری بكرێت.
بەرپرسانی ڕەوتی هەڵوێست زۆرترین تێبینییان لەسەر دروستكردنی ئەو لیستە هاوبەشە هەیە.
بەرەی گەل
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی رەوتی بەرەی گەل لە كۆبونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەكان ئامادەیی خۆی و حیزبەكەی نیشانداوە كە بەهەموو شێوەیەك هاوكار بێت لە دروستكردنی ئەو لیستە. تا ڕاددەی ئەوەی كە ئەگەر ئەوان كاندیدیشییان نەبێت ئامادەن ببن بە بەشێك لەو لیستەو بەتەواوی پشتیوانی لەو لیستە دەكەن.
ک