زایەڵە-دوو کارگەی چیمەنتۆ لە پارێزگای سلێمانی دروست دەکرێن و قۆناغەکانی مۆڵەت وەرگرتن و دیاری کردنی شوێن و زەوی تەواو بووەو بەمزووانە دەست بەدروستکردنیان دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، کارگەیەکیان دەکەوێتە سنوری قەزای بازیان و لە سنوری گوندی خاڵدان دەبێت و کارگەی دووەم لە نێوان گوندەکانی گەورەدێ و کانی بی ناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ دەبێت.

پێشتر چەند مۆڵەتێک بۆ کارگەی چیمەنتۆ بەناوی وڵات و میران و مەولەوی و بێتا وەرگیرا بوون و بڕیاربوو لە بازیان و پیرەمەگرون و ناحیەکانی سەنگاو و ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ دروستبکرێن، بەڵام بەهۆی دەست بەکار نەبوونیان مۆڵەتەکان وەرگیراوەتەوە.

لە پارێزگای سلێمانی پێنج کارگەی چیمەنتۆ هەیە بەناوی کارگەکانی بازیان و ماس و گاسن و دەلتا لە قەزای بازیان و کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە لە تاسلوجە و هەر پێنجیان بەشێوازی وشک چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنن و پێشتر لە سەرچنار لە سلێمانی کارگەیەکی تر هەبوو بەشێوازی تەڕ چیمەنتۆی بەرهەم دەهێنا. بەڵام ئێستا نەماوە و ئێستا سلێمانی بەتەنها ٤۰ لەسەدی  چیمەنتۆی عێراق بەرهەم دەهێنێت.

زنجیرە چیای سەگرمە لە باشوری ناحیەی  سەنگاو تا دەکاتە ناحیەکانی تەکێ و ئاغجەلەر و شاخەکانی بازیان و پیرەمەگرون و تاسلوجە و قەرەداغ بەردی لایمستۆنیان هەیە و دەوڵەمەندترین ناوچەی عێراقن بۆ مادەی خاوی چیمەنتۆ.

جگە لە پێنج کارگەکەی سلێمانی لە هەرێم دوو کارگەی تری چیمەنتۆ هەن بەناوی دابین لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و کار لە قەزای مەخموور.

ک