زایەڵە-سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لە چوار مانگی ئەمساڵ، 194 پیاو سكاڵایان لەسەر هاوژینەكانیان تۆمار كردووە، هاوكات 28 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتنی پیاوان تۆمار كراوە، جەختیش دەكاتەوە، خەریكە هاوسەرگیریی كچان لەگەڵ كەسانی بە تەمەن دەبێتە دیاردە.

بورهان عەلی، سەرۆكی یەكێتی پیاوانی كوردستان ڕاگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای ئەم مانگە واتەا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ، 194 سكاڵا لە هەرێمی كوردستان، لە لایەن پیاوانەوە لەسەر هاوژینەكانیان تۆمار كراون، هاوكات ئەمساڵ، 23 پیاو خۆیان كوشتووە و پێنجی دیكەش بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە كوژراون و بەشێكی دیكەشیان بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆرترین سكاڵاكان لە سنووری سلێمانی تۆمار كراون، بەڵام زۆرترین حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار كراون، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی تەمەنی هاوسەران، باری دارایی، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چاولێكەری، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، دەستوەردانی كەسوكار لە ژیانی تایبەتی هاوسەران و كێشەكانیان، قوربانینەدانی هاوسەردان لەپێناو یەكتری و هاوكات بەشێكی زۆری گەنجان بەدڵی خۆیان ژیانی هاوژینی پێك ناهێن.

سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان باسی لەوەش كرد، ئێستا هاوسەرگیریی كچان لەگەڵ كەسانی بە تەمەن خەریكە دەبێتە دیاردە، لەبەر ئەوەی گەنجان ناتوانن داواكاریی كچان لە ڕووی كڕینی زێڕ و پێداویستییەكانی دیكە دابین بكەن، ئەوانیش شوو بە كەسانی بە تەمەن دەكەن، بۆیە ئامانج لەو هاوسەرگیرییە پێكهێنانی خێزان نییە، بەڵكوو زیاتر لایەنە داراییەكەی لەبەرچاو گیراوە.

ک