زایەڵە-لایەنە تورکمانییەکانی پارێزگای کەرکوک توشی دابەشبوونی قوڵ هاتوون و سەرەڕای مەترسی سیستەمی سانت لیگۆ، بەڵام بۆ چوار ئاڕاستەی جیاواز دابەش بوون.
لەڕواڵەتدا دوو ئاڕاستە نوێنەرایەتی تورکمان دەکەن، یەکەمیان بەرەی تورکمانییە کە ئاڕاستەیەکی نەتەوەییە. دووەمیان لایەنە شیعەکانە کە ئاڕاستەیەکی ئاینی و مەرهەبیە.
هەردوو ئاڕاستەکە جگە لەوەی شەقامی تورکمانیان بەقوڵی دابەش کردووە و گوزارشت لە دوو بلۆکی ئیقلیمی ناکۆک (ئێران و تورکیا) دەکەن لە هەمانکاتدا لەناواخنی هەردوو ئاڕاستەکە دابەشبوون هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، بەرەی تورکمانی ماوەی چوار ساڵە بۆ دوو ئاڕاستە دابەش بووە. ئەوانیش باڵی سەرکردایەتی و باڵی دەرەوەی سەرکردایەتی.
لە یەکەم هەنگاودا سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی محەمەد سەمعان سەرۆکی ئێستای بەرەی تورکمانی وەک سەرۆک لیست بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد و تا ئێستا ئەرشەد ساڵحی کەسی یەکەمی باڵی دەرەوەی سەرکردایەتی هەڵوێستی خۆی لە بارەی کاندیدکردنی محەمەد سەمعان ڕانەگەیاندووە و پێناچێت ئامادە بێت لەیەک کاتدا کورسی سەرۆکایەتی بەرەو کورسی پەرلەمانتاری بۆ سەرکردایەتی ئێستای بەرە بەجێ بهێڵێت.
هەربەپێی زانیاریەکان، ئەرشەد ساڵحی ئەگەر کاندیدی لە ناو لیستی بەرە نەبێت و کورسی سەرۆکایەتی بەرەی ڕادەست نەکرێت، ئەوا ئاڕاستەکەی بە سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکات و خۆی کاندید دەبێت. بەئەگەری زۆرەوە سەرکردایەتی ئێستای بەرە کاندیدی ئەرشەد ساڵحی یان خودی خۆی لەلیستەکە ڕەت دەکەنەوە، چونکە ئەزموونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان هەیە. کاتێک کاندیدەکەی ساڵحی ڕێگر بوو لە دەرچوونی سەرۆکی ئێستای بەرە و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بۆ یەکەم جار بەرەی تورکمانی بەلیستێک و باڵی ئەرشەد ساڵحی بەکاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
لایەنە شیعەکانی ناو تورکمان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان توانیان ۲۲ هەزار دەنگ بەدەست بهێنن. کە پێکهاتوون لە هەموو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام ڕێکخراوی بەدر لەناویاندا زاڵە و لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق توانی کورسییەک لە کەرکوک بەدەست بهێنێت.
لە ئێستاشدا جارێکی دیکە ڕێکخراوی بەدر چاوی لەوەیە بەدەنگی تورکمانە شیعەکان غەریب عەسکەرپارلەمانتارەکەی کەرکوکی بنێرێتەوە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام خواستەکەی بەدر توشی بەرهەڵستی لایەنە شیعەکانی تر بووەتەوە.
ڕۆژی ۲ی ئەم مانگە ۹ لایەنی شیعە کە ڕێکخراوی بەدریان تێدا نییە و حزبەکانی دەعوەو عەتا و نوجـ.ـەبا و سادیقون و ڕەوتی حیکمەو سەید شوهەداو ئینجاز و یەکێتی تورکمان و وەفای تورکمانی پێکەوە هاوپەیمانێتی نیشتیمانی تورکمانی کەرکوکیان پێکهێناو عەمار هیدایەت کەهیە وەک سەرۆکی لیست دیاری کرا.
لە ئێستاوە دوو ئاڕاستەیی لەناو تورکمانە شیعەکان دەرکەوتووە ئەو نۆ لایەنە بە لیستێک و ڕێکخراوی بەدرو هاوپەیمانەکانی بەلیستێکی تر بەشداری دەکەن و هاوشێوەی بەرە، ماڵی تورکمانی شیعەش بوونەتە دوو ئاڕاستە.
لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تورکمانەکانی کەرکوک بەدوو لیست ۹٦ هەزار دەنگیان بەدەست هێنا کە ۱۷ لەسەدی کۆی دەنگی پارێزگای کەرکوک بوو. بەڵام تەنیا دوو کورسی پەرلەمانیان بردەوە.
ک