زایەڵە ـــ یانەی بەرشەلۆنە دەستبەجێ خەڵاتێکی گەورەی بۆ ڕاهێنەری ئەڵمانی ئامادە کرد دوای بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە لە لالیگادا.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تایبەت بە گواستنەوەکانی تۆپی پێ ڕایگەیاند: کە هەموو شتێک یەکلایی بووەتەوە و گرێبەستێکی نوێ بۆ هانسی فلیک رێکخراوە. فلیک لە یەکەم وەرزی یاریکردنیدا لە بەرشەلۆنە سێ نازناوی بەدەستهێنا کە بریتین لە لالیگا و جامی سوپەر و جامی شای ئیسپانیا و بەمەش جێگەی خۆی لە نێو ڕاهێنەرە سەرکەوتووەکانی مێژووی بلوگرانا وەک گواردیۆلا و ئینریکی مسۆگەر کرد.
ڕۆمانۆ دەڵێت گرێبەستی نوێی فلیک لەگەڵ بەرشەلۆنە تاوەکو ساڵی 2027 واژۆکراوە و تەنیا ڕاگەیاندنی فەرمی ماوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرت، مووچەی هانسی فلیک لە گرێبەستە نوێیەکەیدا بە بەراورد بە پێشوو لە سەدا 20 بەرز دەبێتەوە.