سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی ڕۆژانە نیو کیلۆگرام یۆرانیۆمی 20 لە سەد پیتێندراو بەرهەم دێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرەڕای دژایەتی و ڕەخنەی توندی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی ئەندام لە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، تاران جەخت لە سەر بەردەوامیی پیتاتندنی یۆرانیۆم لە ئاستی 20 لە سەد دەکات.
عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ گۆڤاری ئینتەرنەتی نگار، ڕایگەیاند کە بە فەرمانی رێبەری باڵای وڵات و پەسەندکراوی پەرلەمان، ئێران لە ئێستادا شێلگیرانە بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی 20 لە سەد و ئەمە بە مافێکی یاسایی خۆی دەزانێت.
ساڵحی سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هیچ متمانەیێکی بە ئەمریکا نییە و هاوکات پەلەی نییە گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئەمە پرسی ئێران نییە، بەڵکوو پرسەکە ئەوەیە کە ئەمریکا دەبێ دەسبەجێ گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.
کۆتایی/.