زایەڵە - نێچیرڤان  بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوا نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌٢٠٢٥/٥/١٨ له‌ ديدارێكدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندیى دوولايه‌نه‌ و چۆنیەتيی پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبه‌شيان له‌ بواره‌ جیاجياكاندا، تاوتوێ كرد.

 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هه‌ردوولا ستايشى پەیوەندییە دێرينه‌كانى نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستانيان كرد و جەختيان لەسەر خواستی دوولايه‌نه‌ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان کردەووە به‌ شێوه‌يه‌ك خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى ئێران و عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بکات."
 
تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو، "تيايدا داكۆکييان لەسەر گرنگيی گفتوگۆ بۆ دوورخستنه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزى كرده‌وه‌."
 
دوێنێ شەممە، ١٧ی ئایاری ٢٠٢٥، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و ئەمڕۆ یەکشەممە بەشداریی لە کۆڕبەندی دیداری تاران دا کرد و لە پانێلێکدا قسەی لەسەر دۆخی ناوچەکە و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و هەولێر و تاران کرد.