زایەڵە ــــ سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە، سەرەڕای ڕێککەوتنی ڤینیسیۆس بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕێئالی مەدرید، بەڵام بەشێوەیەکی سەیر بەردەوامە لە پێشنیار کردن بۆ ئەو یاریزانە.
پەیامنێرێکی وەرزشی لە تۆڕی تۆپی پێی ئیسپانی ڕایگەیاند: سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە بۆ جاری پێنجەم پێشنیارێکی سەرسوڕهێنەری 250 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش کردووە بۆ ڕاکێشانی ڤینیسیۆس، هەرچەندە مەدرید گەیشتووەتە ڕێکەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو ئەستێرەیە.
کردارەکانی سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە نمونەی ڕشتنی ئاو بۆ ناو هاوەنە. لە ساڵی ڕابردوودا، سعودیە هەموو هەوڵەکانی تەرخان کرد بۆ فریودانی ڤینیسیۆس بە دۆلاری نەوت، بەڵام لە کۆتاییدا تووشی شکستێکی گەورە بوو، چونکە ئەستێرەی بەرازیلی ئامادە نەبوو داهاتووی تۆپی پێی خۆی بکاتە قوربانی پارە. تۆڕی میدیایی ئیسپانی نووسیویەتی هەفتەی ڕابردوو ڕێئاڵ گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ ڤینیسیۆس تاوەکو ساڵی 2030 واژۆ بکات و چیتر ئەو ئەستێرە بەرازیلییە یانەکە جێنەهێڵێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری مارکا هەڵسوکەوتی سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە لەجیهانی تۆپی پێ ناعەقڵانییە و هیچ یانەیەک کات و پارەی ئەوها بەفیڕۆ نادات لەگواستنەوەیەکی مەحاڵدا.