زایەڵە ـــ دکتۆر جەماڵ ئەحمەدی، مامۆستای زانکو و ئەندامی وەفدی زانستی زانستگا ئازادی ئیسلامی کوردستانی ئێران و سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان ناسی، وێڕای تاوتوێکردنی ڕەهەندەکانی دۆخی ئێستاکەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە  جوگرافیای کوردزماندا و بەتایبەت لە کوردستانی ئێراندا، ڕەوشی زمان و ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێراندا بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستانی عێراق کە پێوایە لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزە و لە مەترسیدایە، بە باش و جێ ڕەزامەندی وەسف دەکات.

دکتۆر جەماڵ ئەحمەدی مامۆستای زانکو لە شاری سنە لە کوردستانی ئێران لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ دەزگای میدیای زایەڵە سەبارەت بە دۆخی ئێستای زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ناوچەکەدا وتی: ئەگەر پێگەی زمان وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و وەک کۆمەڵێک گرێبەست لە نیشانە جیاوازەکانەوە وەسف بکرێت، دەتوانین بلێین کە زمانی کوردی لە دۆخێکی زۆر زۆر ئاڵۆزدایە. واتە لەڕووی نەبوونی ئەکادیمیای زمان و ئەدەب بۆ زمانی کوردی و تەنانەت ئەگەر هەشبێت بۆ نموونە لە کوردستانی عێراق ئەو ئەکادیمیایە کە بە زمانی گشتی پێی دەگوترێت "ئەکادیمیای زمانی کوردی" زۆر دەوڵەمەند و بەتوانا نییە و زۆرێک لە ئەندامە پازدە کەسییەکەی بەتایبەت سەبارەت لە زمانی فارسی کە لە ڕووی بنەما و ڕیشەوە پەیوەندی ئەوتۆی لەگەڵ زمانی کوردیدا هەیە زانیاری تەواویان نییە و ئەو هاوتاسازییانەی کە کردوویانە و ئەو هەوڵانەی داویانە بۆ زمانی بەناو "نووسینی یەکگرتووی کوردی" زۆر لاواز و بێهوودە و کەموکورت بوون.

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵێنەوەی کوردستان ناسی لە زانکۆ ئازادی کوردستانی ئێران ئاماژەی دا: لەو هەواڵەدا کە لە لایەن ئاکادیمیای زمان و ئەدەبی کوردی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کە لەسەر زمانی کوردی ئەنجام درا بوو، هەموو ئەو یاسایانەی ڕێزمانی کوردی لە شانزە یاسادا کورت کرابوونەوە کە نەک هەر هەندێک لەو یاسایانەی کە تێدابوو بەڕای من، نەک تەنیا هەڵە بوون، بەڵکوو ئاماژەی بە تێنەگەیشتن لە یاساکانی ڕێزمانی "زمانە تێکەڵەکان" دەکرد و یاساکانیان تا ڕادەیەک کورت کردبووەوە وەک بڵێی زمانی کوردی زمانێکی کەم و کورتە و هیچ ئەدەبیاتی نییە و هیچ تێکستێکی نووسراوی بۆ ناکرێت. بەڕاستی لەم ڕوانگەیەوە بارودۆخی زمان و ئەدەبی کوردی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا زۆر ئاڵۆزە و من وەکوو کەسێک کە بەوپەڕی توانامەوە کاری لەم بوارەدا کردووە و پێشکەشی کردووە، وادەزانم کە ئەو کارە زۆر نەگونجاوە و شایستەی زمانێکی ئاوا شکۆدار وەک زمانی کوردی نییە.

دکتۆر جەماڵ ئەحمەدی وتی: بەڕای من سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتانەی کە لە ئێران هەمانە پێموایە نەوەیەک لەکوردستانی ئێران سەریهەڵداوە کە گرنگی زۆر بە زمانی کوردی دەدات و  لەپێشینەی خۆی دادەنێت. سەرەڕای ئەوەش، من لەو باوەڕەدام کە لە کوردستانی ئێراندا هەوڵ دەدرێت زمانی کوردی لەسەر  بنەما پەیڕەو بکرێت. لە ئێستادا لەزانکۆکانماندا بەتایبەتی لەزانکۆی کوردستانی شاری سنەدا کە چەند ساڵێکە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی خوێندکاری تێدا دەردەچێت، دەبینم ئەم نەوەیە بە بەشێوەیەکی ڕێکخراوە و هەنگاو بە هەنگاو و لەسەر بنەما بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی بەرەو پێشەوە دەچن و من بۆ داهاتووی کوردسانی ئێران لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا زۆر گەشبینترم لە هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا و سوریا و شوێنەکانی تر.

دکتۆر جەماڵ ئەحمەدی ئەندامی وەفدی زانستی زانکو ئازاد و ماموستای زمان و ئەدبیات لە شاری سنە ڕایگەیاند: کاتێ دۆخەکە لەگەڵ ڕابردوو و هەروەها لەگەڵ شوێنەکانی تردا بەراوەرد دەکرێت، ئەگەرچی بارودۆخی ئێستا لەوانەیە نموونەیی نەبێت، بەڵام من بە باشی دەزانم و پێموایە لە گەشەدایە و بەرەوپێش دەڕوات. تەنانەت بە بەراوەرد لەگەڵ کوردستانی عێراق کە ئێستا سەرلێشێواوی زمانەوانی زۆری تێدا دیارە کە ئەو ئاڵۆزییە لە کوردستانی ئێراندا بەدی ناکرێت.

ئامادەکردن؛ کەژاڵ حەمیدی