سەرپەرشتیار گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕایدەگەیەنێت، ئێستا لەرۆژگارێکی سەختدا فێستیڤاڵ ئەنجامدەدەن، بەجۆرێک ڕاستە ئێستا خوێن داناچۆڕێت و لولەی تفەنگەکان ساردبوونەتەوە و شەڕێ ناوخۆ نەماوە، بەڵام هێشتا ترسی ڕێکنەکەوتنی حزبەکان، ترسی تێکچوونی ئەم هەرێمە، ترسی زاڵبوونی بەرژەوەندی تەسکی قەڵەمڕەوی حزب بەسەر قەڵەمڕەوی نەتەوە و دیموکراسی و مەدەنیەت، هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕۆژانی ٢٥ تا ٢٧ـی ئەم مانگە، بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی لەژێر دروشمی "دیالۆگی لابردنی ماسکەکان" بەڕێوە دەچێت و هاوشانی فێستیڤاڵەکەش کۆمەڵێک چالاکیی ڕووناکبیری و ئەدەبی بەڕێوە دەبرێن.
مەلا بەختیار، سەرپەرشتیار گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەوتەیەکیدا ڕاگەیاند، فێستیڤاڵ کاتێک دروستبوو، کە شەڕی ناوخۆ هەبوو و ڕەشبینی لەچیرۆک و شیعردا هەبوو، دۆخێکی خراپ هەبوو، ئێمە هاتین بەڕاوێژ لەگەڵ دامەزرێنەرانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ دوکەڵی ڕەشی ناوخۆ کاڵبکەینەوە و ئاسۆ فراوان بکەین، بۆیە یەکەمین فێستیڤاڵمان لەو سەردەمدا بەست.
ئەوەشی باسکرد، لەترسی ئەملا و ئەولا بەزەحمەت بەترسەوە هەندێک لەنوسەران بەشدارییان کرد و هەندێکی دیکەش بەشدارییان نەکرد.
ئاماژەى بەئەوەشدا، ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاکە فێستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت، کە فێستیڤاڵی دەسەڵات نییە، قسەکە لەسەر ئەوەنییە کە دەسەڵات هاوکاری کردوون، بەڵام قسەکە لەسەرئەوەیە کە سەربەخۆن و خاوەنەکەی دەسەڵات نییە.
باسی لەئەوەشکرد، ئێستاش لەرۆژگارێکی سەختدا فێستیڤاڵ ئەنجامدەدەن، بەجۆرێک ڕاستە ئێستا خوێن داناچۆڕێت و لولەی تفەنگەکان ساردبوونەتەوە و شەڕێ ناوخۆ نەماوە، بەڵام هێشتا ترسی ڕێکنەکەوتنی حزبەکان، ترسی تێکچوونی ئەم هەرێمە، ترسی زاڵبوونی بەرژەوەندی تەسکی قەڵەمڕەوی حزب بەسەر قەڵەمڕەوی نەتەوە و دیموکراسی و مەدەنیەت، هەیە.
وتیشی: تازە لەهەولێر سیمینارێک بەناوی یەکڕیزی و دەستوور دەبەسترێ، ئەمە واتە چی؟ واتە ئەوەی سی ساڵە هێشتا نەک یەکڕیزیمان نەگەیاندووەتە ئاستێک کە بڕیار لەدەستوور بدەین، بگرە نەبوونی یەکڕیزی بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم نوسینەوەی دەستووردا، دروشمەکە ئەوەمان پێدەڵێت، ئەگەر یەکڕیزی نەبێت دەستوور نانوسرێت، ئێمە تاقانەین لەجیهاندا چونکە نەبووە دوای سی ساڵ لەحوکمڕانی دەستوور نەنوسرابێت.
دەشڵێت: دوای سی ساڵ دوو حزب لە کوردستان نییە کە پەیوەندییەکی ڕاستەقینەیان لەنێواندا هەبێت، هەموو پەیوەندییەکان بەرژوەندی و ناچارییە، ستراتیژی نییە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە، چونکە خۆمان خەریکە هەستەجوانەکان بەرامبەر ئەم تروسکاییەی لەباشووری کوردستان هەیە نائومێد بکەین.
ڕۆژانی ٢٥ تا ٢٧ـی ئەم مانگە، بیستوچوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی لەژێر دروشمی "دیالۆگی لابردنی ماسکەکان" بەڕێوە دەچێت و هاوشانی فێستیڤاڵەکەش کۆمەڵێک چالاکیی ڕووناکبیری و ئەدەبی بەڕێوە دەبرێن.