زایەڵە ـــ دکتۆر نەجمەدین جەباری مامۆستای زمان و ئەدەبیات لە زانکۆ کوردستانی شار سنە و سکێرتێری زانستی خەڵاتی قەڵەمی هەژار ڕایگەیاند؛ بەمەبەستی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافی نووسەران، هەموو بەرهەمە نێردراوەکان بە هەستیاری و دادپەروەرانە و بێ لایەنگری هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە.
دکتۆر نەجمەدین جەباری وتی: "خەڵاتی قەڵەمی هەژار" یەکەم خەڵاتی کتێبە کە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت. پێشتر جۆرەکانی خەڵاتی تایبەت بەڕێوەچووە، بەڵام له بوارەکانی تایبەتیدا بووە و تا ئێستا خەڵاتی کتێبمان بەم شێوازە ئاسته گشتییه نەبووه، بۆیە دەتوانین بڵێین "خەڵاتی قەڵەمی هەژار" پێشەنگێکە لەم بوارەدا و هەوڵ دەدات ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ ناساندنی ئەدەبی کوردی لەسەر ئاستی بەرفراوانی جیهانی و هەروەها هەلێ بێت بۆ ستایش و پێزانین لە قەڵەمە کوردییەکان لە جوگرافیای کوردیدا.
سکێرتێری زانستی خەڵاتی قەڵەمی هەژار وتیشی: دوای ڕاگەیاندنی بانگهێشتی پێشکەشکردن، زیاتر لە 900 بەرهەم ئاراستەی سکرتاریەتی خەڵاتەکە کران کە زۆربەیان بوارە جۆراوجۆرەکانی توێژینەوەی ئەدەبی، چیرۆک، مێژوو، ئەدەبی منداڵان، یاسا، زانستە سیاسیەکان، جوگرافیا و هتد لەخۆ دەگرێت. بەرهەمەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە پێشکەش کران و هەموویان لە سێ قۆناغدا و بە بەشداری زیاتر لە 80 کەس لە پانتاییەکی جوگرافیای فراوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەڵسەنگێنران بۆ دڵنیابوون لەوەی کە براوەی ڕاستەقینە دیاری دەکرێت.
دکتۆر نەجمەدین جەباری زیاتر وتی:هۆگری قەڵەم بوون و خاوەن ئەزموون لە پێوەرە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی دادوەران بوون و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەڵبژاردنی دادوەری بێئەزموون و خوێندکار و کەم تەمەن خۆمان دوور خستۆتەوە، چونکە باوەڕمان وایە کەسی بەئەزموون بێگومان توانایەکی باشتری هەیە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونی نووسەران و شاعیران.
ناوبراو ڕایگەیاند: لەقۆناغی یەکەمدا ئەو بەرهەمانەی کەوا لە ڕووی زانستی و قەبارە و چاپی کتێبەکەوە و هەروەها لە بواری سەرچاوە و بەڵگەنامەوە لە ئاستێکی نزمدا بوون لابران، لە قۆناغی دووەمدا بەرهەمەکانی دیکە هەڵسەنگێندران، بەشێوەیەک کە هەر بەرهەمێک بۆ دوو دادوەر نێردرا و ئەگەر هەردوو دادوەرەکە لە پێداچوونەوەکە ڕازی بوون یان ڕەتیانکردۆتەوە ئەوا بەرهەمەکە یان دەچێتە قۆناغی سێیەمی هەڵسەنگاندن یان لەسەر بنەمای بۆچوونی ئەوان لادەبرا.ئەگەر دەنگی دادوەران لەسەر بەرهەمێک جیاواز بووایە، دەنێردرا بۆ دادوەری سێیەم و چوارەم و تەنانەت لە نزیکەی 10 بەرهەمیشدا، دادوەری پێنجەم بەشداری کردووە بۆ پاراستنی مافەکانی نووسەر.
دکتۆر نەجمەدین جەباری مامۆستای زانکۆ لە سنە و سکێرتێری زانستی خەڵاتی قەڵەمی هەژار ئاماژەی دا: بەداخەوە پێشوازییەک باش له هەندێک لە بوارەکان لەوانە، جوگرافیا، یاسا، زانسته سیاسییەکان نەکرا، یان ئەگەریش پێشکەش بە سکرتاریەتی کرا، جێی ئاماژه نەبوون و دادوەران لێ ڕازی نەبوون. هیوادارین لەساڵانی داهاتوو و لە خولەکانی دیکەی خەڵاتەکەدا ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە و کارە دیارەکانی ئەم بوارانەش لە "خەڵاتی قەڵەمی هەژار"دا ئامادە بن.
بڕیار وایە ڕێوڕەسمی "خەڵاتی قەڵەمی هەژار" ڕۆژانی ٧ بۆ ٨ی جۆزەران (٢٨ بۆ ٢٩ی ئایار) لە زانستگا کوردستانی شاری سنە، هۆڵی مەولەوی بەڕێوەبچێت.
ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی