زایەڵە ــــ داکەوتنی ئاسمانەکان بە قەڵەمی نووسەر و لێکۆڵەر "جەبار جەماڵ غەریب" لە دایکبووی ١٩٦١ لە قڵازێ سەر بە هەرێمی کوردستان وەک یەکەم و باشترین ڕۆمانی کوردی دێتە ئەژمار کە لە گەورەترین فستیواڵی فەرهەنگی و خەڵاتی کتێبی کوردیدا و بەپێی ڕای دادوەران "خەڵاتی قەڵەمی هەژار" دەباتەوە.

لەم بەرهەمەدا، رووبەرووی دەقێکی ئەدەبی دەبینەوە،کە نووسەر، چ بوارێک بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە، چاوێ بنووقێنێ و پیاڵەیەک چا فڕ بکات و هەناسەی پشوودانێکی ئارامبەخش هەڵکێشێ، چونکە نووسەر هێندە بە کارامەیی باس و دیمەن و رووداوەکان،بە سەلیقەوە پێکەوە گرێدەدات و تابلۆیەکی ئەوەندە ورد و جوان دەنەخشێنێ، خوێنەر ناتوانێ بەسانایی دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێ، بەواتایەکی تر رووداوەکان هێندە وروژێنەر و سەرسووڕهێنەرن، بەناچاری پەلکێشی دوای خۆیت دەکات.

لە ڕۆمانی "داکەوتنی ئاسمانان"دا خوێنەر بە خوێندنەوەی هەر وشەیەک ئارەزوو دەکات خێرا چاوی بە وشەیەکی تر بکەوێت، پاش هەر ڕەستەیەک، حەز دەکا بزانی ڕەستەی داهاتوو چییە؟ هەر لاپەڕەیەک تەواو دەکرێ، دەیەوێت زوو بزانی لاپەڕەی پاشتر چی تێدا نووسراوە و هەر بەند و ناونیشانێک بە کۆتایی دەگەیەنێ، ئارەزوومەندە بگەیتە سەر ناونیشان و بەندێکی تر. ئەمەش هونەر و تەلیسمی سەرکەوتنی کاری ئەدەبی بەرز و باڵایە.

ساتەوەختی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێک لە جەنگە دیارەکانی ناوچەکە، ئەویش جەنگی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانە. نووسەر زۆر ورد کاری لەسەر ئەوە کردوە کە چۆن ئەم جەنگە لە ڕوکەشدا و بەپێی گێڕانەوەی مێژوو تەنها باس لە ژمارەی قوربانی و جۆری جەنگ و ساڵانی شەڕ و ڕۆڵی زلهێزەکان دەکرێت، بەڵام "جەبار جەمال غەریب" لەم ڕۆمانەدا بەزمانێکی ئەدەبی کاری لەسەر ئازارەکانی جەستە و دەروونی مرۆڤەکان کردووە کە چۆن جەنگ ژیانی لێ تێکداوە. خێزانەکانیان پەرتەوازە بوون و لەبەر یەک هەڵوەشاونەتەوە. بەشێکی زۆری شوێنی ڕووداوەکان شاری سلێمانیە لە  هەرێمی کوردستان کە نووسەر وەک جوگرافی ناسێک ناوی زۆربەی گەڕەکەکان دەهێنێت.

شایانی ئاماژە پێدانە ئەم بەرهەمە ناوازە وێڕای وەرگێڕان بۆ زمانی ئنگلیزی بۆ زمانەکانی تری زیندووی دنیا لەوانە ئەڵمانی و فەڕنسی و ڕووسی و ... وەرگێڕاوەتەوە.

ڕۆمانی "داکەوتنی ئاسمانەکان" بە قەڵەمی جەبار جەماڵ غەریب نووسەر و لێکۆڵەری خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و یەکەم ڕۆمانی هەڵگری "خەڵاتی قەڵەمی هەژار" یەکەم جار لە ساڵەکانی ٢٠١٦ لە بڵاوکراوەی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە لە چاپ درا.


ئامادەکردن؛ کەژاڵ حەمیدی