زایەڵە- لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە عادل عبدالقادر چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، سەبارەت گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ئەمەریکا ئیمزا کران لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە، دەبێ ئاماژە بەوە بدرێت کە ئەو دوو کۆمپانیایە پێشتر لە هەرێم بوون کارییان لە بواری نەوت گازدا کردووە . کات و تەوقیتی ئەم گرێبەستانە بە وردی کاری لەسەرکراوە . بەشێکی بۆ گەشەپێدانی کێڵگە نەوتیەکانە و بەشەکەی تری بریتییە لە ڕاکێشانی سەرنجی عێراق و ئەمریکا و ئەوروپایە بۆ کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەر یەکێک لەو وڵاتانە بە بیانوو و ڕاڤەی خۆی، سەبارەت بە عێراق وەک کارتێکی فشار و پەیامێکە بۆ دەستەڵاتی فیدراڵی کە هەرێم دەتوانێت لە دوای دادگای پاریس گرێبەستی تازە بکات و گەشە بە کەرتی نەوت و گاز بدات .
زیاتر وتی: سەبارەت بە ئەوروپاش پەیامەکە ئەوەیە کە دەمانەوێت گەشە بە گازی کوردستان بدەین و ببینە بەدیلی گازی ڕووسی. سەبارەت بە ئەمریکاش، هەر وەک بەڕێزتان ئاگادارن کە سیاسەتی کابینەی ترامپ کابینەی دارایی و ئابووری بەحتە و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی لەسەر بنەمای ئابووری بەهێز بنیاد دەنێت ، هەروەک ئەو بینیمان ئەو سەردانەی کە بۆ وڵاتانی سعودی و کەنداو کردی ، جگەلە پارە و بزنس و دارایی هیچ مەلەفێکی تری گەنگەشە نەکرد .جگەلە مەلەفی سووریا کە ئەویش لەبەر خاتری محمد بن سەلمان بوو .
ناوبراووتیشی: گرنگی گرێبەستەکان بە هەموو ئەو قسانەی لەسەری دەکرێت لە هەموو بوارەکانی سیاسی و یاسایی و دەولی ، لە ڕووە ئابووریی و ڕاستەقینەکەیەوە هێنانی دەستی وەبەرهێن و گەشەپێدانی کەرتی نەوت و گازی هەرێمە بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و سوتەمەنی بەو پێیەی کە هەرێم خۆی باسی لێوەدەکات . بەڵام ئومێدەوارم کە ئەم گرێبەستانە بە ڕێڕەوێکی دروستدا بڕوات و هەمان قەیرانی نەوتی ڕابردوو نەبێتە قەیرانێکی تر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان .
ئەم چاودێرە سیاسییە سەبارەت بە ئایندەی هەرێمی کوردستان، وتی: ئایندەی هەرێم لە ڕاستیدا هەر پەیوەست نییە بە کەرتی نەوت و گازەوە، زۆر ڕەهەندی تر کاریگەری لەسەر ئایندەی هەرێم هەیە . جەنگی ئۆکراین و شەری ئیسرائیل و دانوستانی ئێران ئەمریکا و قەیرانی سیاسی و ئابووری نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و ...هتد کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی خۆیان هەیە . بۆیە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد وردتر و بەدیقەت و سەرنج، زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ هەریەک لەم مەلەفانە بکەن و بارودۆخێکی ئارام بۆ هەرێم و خەڵکەکەی فەراهەم بێنن گرێبەست و غاز و نەوت ببێتە نیعمەت نەک نیقمەت و سەر ئێشە و گرانی بۆ ژیانی نەوەی ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتە .
ک