زایەڵە - دابەشنەكردنی مووچەی مانگی ئایار بۆ جەژنی قوربان، پەیامی سەركردە سیاسییەكانی بۆ جەژنی قوربان "لاواز" كرد، سەركردەیەكی یەكێتیش هەر زوو داوای لە سیاسییەكان كرد مادام بۆ جەژن مووچە دابەش نەكرا، باشترە هەموو سیاسییەكان "بێدەنگ بن، بێدەنگ".
بەپێچەوانەوەی هەموو پێشبینییەكان، حكومەتی عێراق بۆ جەژنی قوربان،مووچەی مانگی ئایاری رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكردومووچەخۆرانی كوردستان بێ وەرگرتنی مووچەكانیان، جەژنیان دەست كرد، ئەوەش پەیامی سەركردەی یەكەمی لایەنەسیاسییەكانی بۆ جەژنی قوربان لاواز كرد.
شەوی پێش جەژنی قوربان، د.رێواس فایەق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "كە پێنەدانی مووچەی مانگی ئایار بۆ پێش جەژن یەكلایی بووەتەوە و بێئومێدی باڵی بەسەر هەموواندا كێشاوە، باشترین خزمەتێك كە دەشێت سیاسییەكان بە خەڵكی بكەن، ئەوەیە كە سەرلەبەریان، لەوپەڕی ڕاست بۆ ئەوپەڕی چەپ،بە دەسەڵات ئۆپۆزسێۆن، لەم چەند ڕۆژە بێدەنگ بن بێدەنگ، هەر هیچ نەڵێن ، بۆ ئەوەی خەڵك بە ئاسوودەیی جەژنەكەی بكات و چڕوچاوی كەسمان نەبینێت و دەنگیشمان نەبیستێ".
بەڵام لەگەڵ ئەو پەیامەی رێواس فایەقیشدا، بەشێك لە سەركردەی یەكەمی حیزبەكان پەیامی پیرۆزباییان بۆ جەژنی قوربان نارد، بەڵام پەیامەكان تاڕادەیەك "لاواز"ییان پێوە دیار بوو ئەویش بەهۆی نەناردنی مووچەی مانگی ئایار، بەشێك لە پەیامی سەركردەی یەكەمی حیزبەكان بەم جۆرە بوو:
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بڕینی مووچە و برسیكردنی بە كۆمەڵی گەلی كوردستان، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید نییە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان:
نیگەرانم مووچەخۆران بەبێ وەرگرتنی مووچەكانیان، پێدەنێنە ئەم جەژنەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و رێككەوتنەكان چارەسەر بكرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم:
جێی داخە ئەم جەژنە لە دۆخێكی سەختی داراییدا دەكەینەوە، بەهۆی سزادانی بە كۆمەڵی هاوڵاتیانی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە.
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی:
بڕیاربەدەستان كەوتوونەتە سەر خۆتۆراندن و پابەندنەبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و گەرمكردنی شەڕی میدیایی و تۆمەت بەخشینەوە.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل:
بێ متمانەیی خەڵك بە سیاسیییەكان لەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، رۆژ بە رۆژ لە هەڵكشاندایە.
ک