زایەڵە - حكوومەتی عێراق بەبێ ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بە بێ هیچ جۆرە هاوئاهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە قووڵایی خاكی كوردستان دەستی بە وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گازدا كردووە و لە سنوری قەزای كفری بیرە نەوتێك لێدەدات.

حكوومەتی عێراق ڕایگەیاند: لە ڕێگەی پلانێكی نوێیەوە دەیەوێت 15 بیری نوێ هەڵبكەنێت و بەگوێرەی پلاتفۆرمی وزە كە بنكە سەرەكییەكەی لە واشنتنە، ئەندازیار حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رۆژی یەكشەم یەكی حوزەیران، ئامادەی  واژووكردنی یەكەم گرێبەستی هەڵكەندنی یەكەم بیری گەڕان بووە لە عێراق كە بە كفری A ناسراوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەو رێوڕەسمەدا وەزیری نەوتی عێراق پێداگریی لە پابەندبوونی وەزارەتەكەی كردووە بۆ زیادكردنی یەدەگی نەوت و گاز، بۆ بەهێزكردنی پێگەی وڵات لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتدا، بە واژووكردنی ئەم گرێبەستە، وەزارەت دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەت بۆ هەڵكەندنی 15 بیری نەوت.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، گرێبەستەكە لەلایەن كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراقی و كۆمپانیای گەڕانی نەوت و كۆمپانیای نەوتی باكور، بە ئامادەبوونی یاریدەدەری وەزیری كاروباری دەرهێنان و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باكور و بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای كونكردنی عێراقی واژوو كراوە

یەكێك لەو بیرە نەوتیانەی كە لێدەدرێت نزیكە لە گوندی قوڕیچایی لە كفری و بە نەوتی غەڕە و پەلكانە ناسراوە، دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدایە دەكەوێتە سنوری مادەی 140 ی دەستوری عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم لە سنوری قەزای كفری نۆ كێڵگەی نەوتی هەیە، دیارترینیان كێڵگەی نەوتی حەسیرەیە كە وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای تێدایە بە 176 مێگاوات و بەستراوە بە كارەبای نیشتمانیی هەرێمی كوردستانەوە.

ک