زایەڵە - میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی؛ بارزانی لە گفتوگۆ لەگەڵ عێراقچی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئیدانە و بەبۆنەی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی سەربازیی و ئەکادیمی و هاوڵاتیانی ئێرانی سەرەخۆشی لە  عێراقچی کرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، باسیان لەو شەڕە کردووە کە چەند رۆژێکە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرساوە و رۆژی هەینی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد.

 نێچیرڤان بارزانی داوای گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە و کاریگەری لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کرد، بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری نائارامی لە ناوچەکەدا.

 هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، سوپاسی سەرکۆنەکردنی بەرفراوانی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل"ی بۆ سەر ئێران لەلایەن بەرپرسانی سیاسی و زانایان و مەرجەعەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کردووە. 

 بەپێی میدیای ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو راگرتنی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل"، لە ئۆپەراسیۆنە بەهێزەکانی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، ئاسایشی نیشتمانی و گەلی ئێران بەردەوام دەبێت.