زایەڵە ـــ ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی هونەرمەند «محەممەدئەمین ڕەسووڵی» ناسراو بە «مینەی میرزا خدری ئاغەڵان / فەقێ مینەی نەڵاسێ» دەنگبێژ و  حەیرانبێژی گەورەی کورد. 

مەحەمەد ئەمین رەسوڵی (مینەی میرزا خدری ئاغەڵان)  ناسراو بە "فەقێ مینەی نەڵاسێ" دەنگبێژ و حەیرانبێژ، ساڵی 1343هەتاوی (1964) لە گوندی (ئاغەڵان) لە  ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت  لە دایک بووە، هەر لە تەمەنی دە ساڵیەوە لە ڕێی برایەکی بە نێوی فەقێ حەسەن کە حەیرانزانێکی باش بووە فێری حەیران و گۆرانی دەبێت.

فەقێ حەسەن کاریگەری شێوە حەیرانی نەمر مەحموود گەناوی لەسەر بووە، هەر بۆیەش ئەو کاریگەرییە بۆ سەر حەیرانی فەقێ مینەش ڕەنگدانەوەی هەبووە.

فەقێ مینە نزیک بە 57حەیرانی جۆراوجۆری گووتوە کە زۆربەیان لە فەقێ حەسەنی برای فێر بووە.

ناوبراو رۆژی 2 ی پووشپەڕی 1399ی ھەتاوی لە تەمەنی 56 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە شاری نەڵاس لە سەردەشت سەر بە کوردستانی ئێران نێژرا.

لە حەیرانەکانی فەقێ مینەی نەڵاسێ دەتوانین ئاماژە بەینە سەر؛ (حەیران، ئەوجا دەڵێم، حەیران کاکیلەین، ئەوجا حەیران، حەیران کاکی خۆم) و دەیان جۆر حەیرانی دیکە کە هەمووی لەسەر بنەمای فولکڵۆری کوردی گوتراوە.

ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی