زایەڵە - لەوتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە، فەرهاد تۆفیق وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەر لە پێشوشدا ئیدانەی ئەو هێرشانەمان کردووە، پێمان وابوو ئەوهێرشانە جگەلەوەی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکان و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکانە ، لە هەمانکاتدا پشێوی و ئاژاوەی زیاتر بۆ ناوچەکە ئەهێنێت، دەرئەنجامی خراپ هەم بۆ وڵاتەکان و بۆ ناوجەکەش ئەهێنێت.

وتیشی، لە ئێستادا بەهەمان شێوە ئیدانەی بەردەوامی و ئیدامەدانی ئەوهێرشانە دەکەین بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران، دەرئەنجامەکەشی بەر لە هەموو شوێنێک ئیسرائیل خۆی باجەکەی ئەدا، بەوەی کە هاوڵاتیان وڵاتەکەشی کەوتۆتە بەر مەترسی ، هاوڵاتیانی توشی کێشە و پشێوی ئەمنی بونەوە، دەریشکەوت ئیسرائیل ئەوبەوخۆنازینەی کەئەیکرد بۆهێرش کردنە سەر ئێران  دەرکەوت نەیتوانی بەتەنها ڕوبەڕووی ئێران ببێتەوە، جگە لەوەش نەیتوانی بەرگری لەخۆی بکات و موشکەکانی ئێران توانیان هەموو ئەوبەرگرییە ئاسمانیانەی ئیسرائیل بشکێنێت، خۆشی نەیتوانی لەهێرشەکانی بەردەوام بێ، دواجار هانای بۆئەمریکا برد،بەپاڵپشتی ئەمریکا هێرشەکانی کرد.

ئەوبەرپرسەی سۆسیالیست ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە جگە لەوەی ئیدانەی بەردەوامی ئەم هێرشانە دەکەین، پێمان وایە کە بەردەوامی ئەم هێرشانە بەقازانجی هیچ لایەک تەواو نابێ، دەرکەوت کە ئەو بانگەشە گەورەیەی کە ئیسرائیل و ڕۆژئاواش بەگشتی ئەیانکرد لەئاستی چاوەڕوانی ئەواندا نەبوو.

باسی لەوەشکرد، لە قۆناغی یەکەمدا ئیسرائیل بە جۆرێک لە جۆرەکان شکستی هێنا، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هاتۆتە ناو هێرشەکانەوە، بەردەوام داوای ئاشتی دەکات، داوای دانوستان دەکات، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەوەیە کە هەردوولایان هەست بەمەترسی درێژەدانی شەڕەکە و بەهێزی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.