هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، چاوه‌روانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین بۆ جێبه‌جێكردنی لامه‌ركه‌زیی دارایی و كارگێڕی له هه‌مو پارێزگاكانی هه‌رێم.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لاهور شێخ جه‌نگی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ئه‌وه‌ى بڵاوكردوه‌ته‌وه، كه له ڕێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفرانسه‌وه به‌شداریى له كۆنفرانسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كردووه وباسى هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتیی كردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له سه‌ر ئاستی هه‌رێم و عێراق.
وتیشى: پێداگریی یه‌كێتیمان دوپاتكرده‌وه له‌سه‌ر گرنگی جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زیی بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاوڵاتییان، و له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی نێوانمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان چاوه‌روانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانین بۆ جێبه‌جێكردنی لامه‌ركه‌زیی دارایی و كارگێڕی له هه‌مو پارێزگاكانی هه‌رێم.
لاهور شێخ جه‌نگی ئاماژه‌ی به سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقیش كرد له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نه‌كان و حكومه‌تی فیدراڵی بۆ دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم و تێپه‌ڕاندنی پشكی هه‌رێم له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 .
کۆتایی/.