زایەڵە ـــ پاراستنی یەک بە یەکی زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی هۆکاری مانەوە و گەشەسەندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ئەم زمانەیە و خاتوونێکی خەڵکی کوردستانی ئێران بە قەڵەمەکەی و بە زاراوەی ڕەسەنی گەڕووسی لەم بوارەدا چالاکی دەنوێنێت.
"فەوزییە بەشارەت" خانمە نوسەرێکی خەڵکی کوردستانی ئێرانە کە بە زاراوەی گەڕووسی پرسی کومەڵایەتی و کێشەی ئافرەت و منداڵان لە چوارچێوەی چیرۆک و ڕۆماندا دەخاتە ڕوو.
"فەوزییە" یەکەم خانمە کوردی نووسەری خەڵکی شاری بیجارە لە کوردستانی ئێران کە بە زاراوەی جوانی گەڕووسی چیرۆک دەنووسێت و لە نووسینی چیروکەکانیدا شێوازی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی بەکار دێنێت .
لە کۆمەڵە بەرهەمەکانی ناوبراو دەتوانین ئاماژە بەینە "هورمسگەکان ژنێک"، "سەرچۆپی ئاگر لە ڕێخستیە"، "سەمای چارەنووس" و دەیان کورتە چیرۆکی دیکە کە لە گوڤارە ناوخۆیی و بیانییەکاندا لەوانە سیروان، ئاریز، ئاوات، ئاربابای بانە، و هەروەها "وەرزانە" کە لە شاری هەولێر دەرەچێت، لە چاپ دراوە.
"فەوزییە بەشارەت" بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی زگماکی خۆی، "کوردی-گەڕووس" توانیویەتی بە شێوەیەکی کاریگەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی ژنان و منداڵان لە بەرهەمەکانیدا نیشان بدات.
شایانی ئاماژەیە کە هەر هەموو بەرهەمەکانی ناوبراو وەرگێڕاونەتە سەر زمانی فارسی و چیرۆکێکی ئەم خانمە گەڕووسە بە نێوی"حەسرەت" لەکتێبی "دژەدژە" لە وڵاتی ئەڵمانیا لە چاپ دراوە.
فەوزییە لە یەکێک لە لێدوانەکەنیدا دەڵێت: نووسین پێویستی بە تەرکیز و گرینگیدانێکی زۆر هەیە، دەبیت بیر و هزرت ئازاد و ڕەها بێ بۆ ئەوەی بتوانیت بنووسیت.
فەوزییە بەشارەت ئاماژەی دا: ئێستاکە خەریکی نووسینی ڕۆمانێکە بە نێوی "چاوەڕوانییەکان داڵکم لە پشت دەلاقەوە" کە دیسان بە زاراوەی جوانی گەڕووسی نووسراوە و پێشکەشی دایکی کردووە و هیوادارە بەم زوویانە لەچاپ بدرێت.
فەوزییە بەشارەت، شێرکۆ بێکەس وەک گەورەترین شاعیری کورد و جیهان دادەنێت و دەڵێت: بە بڕوای من هەر کامە لە شیعرەکان مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە جێ خویدا ڕۆمان و چیرۆکێکە.
بێگومان پێداگری لەسەر دیاریکردنی زاراوەیەکی زمانی کوردی وەک زمانی پێوەر بۆ هەموو جوگرافیای بەربڵاوی کوردی کە دەیان زاراوەی جوراوجۆر لە خۆ دەگرێت کارێکی ئاسان نییە و زاراوەکانی دیکەی زمانی کوردی دەخاتە پەراوێزەوە و دەبێتە هۆی ئەوە وردە وردە پشت گوێ بخرێن و فەرامۆش بکرێن. بەڵام فەوزییە بەشارەت نە تەنیا لە زاراوەی گەرووسی سڵ نەبووەوە بەڵکوو بە نووسی کورتە چیرۆک و ڕۆمان و خولقاندنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی، زمانی دایکی(گەرووس) خۆی پارست و زیاتر لە پێشوو بەرجەستەی کردەوە.
ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی