زایەڵە ـــ  هەڵبژاردەی تۆپی باسکەی ئوردن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ڕژێمی زایۆنی لەپاڵەوانێتی جیهان کشایەوە.

ڕۆژنامەی "یدعوت ئەهارۆنۆت" ی ڕژێمی زایۆنی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە کە یەکێتی باسکەی ئوردن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل کشاوەتەوە لە پاڵەوانێتی جیهانی باسکەی تەمەن خوار 19 ساڵ کە بڕیار بوو ئەمشەو لە (سویسرا) بەڕێوەبچێت.

 لە ڕاپرسییەکی سەرتاسەری وڵاتدا، 99٪ خەڵکی ئوردن دژایەتی خۆیان بۆ یاریکردن بەرانبەر ئیسرائیل دەربڕی. خەڵکی ئوردن بەوە ناسراون کە پشتگیری گەلی فەلەستین دەکەن، بە پێچەوانەی حکومەتی ئوردن کە هاوکاری ڕژێمی زایۆن و ئەمریکا دەکات. 

ماڵپەڕی "مۆقاتێعە" دەنووسێت کە فشاری هەڵمەتی جەماوەری لە ئوردن بۆ بایکۆتکردنی یارییەکەی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر ئیسرائیل وایکردووە یەکێتی تۆپی باسکەی ئوردن کشانەوەی خۆی لە فیبا ڕابگەیەنێت. 

"ئامۆس فریشمان" سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی باسکەی ئیسرائیل گوتی: زۆر بەداخەوە کە ئەم بڕیارە درچوو، هیوام دەخواست ئوردنییەکان بێن بۆ یاریکردن بۆ ئەوەی نیشانی هەمووان بدەن کە بارودۆخەکە جیاوازە.