زایەڵە ـــ  شیعر و ئەدەب هەمیشە یەکێک بووە لە بنچینەیترین و گرنگترین ئامرازەکانی ڕەنگدانەوەی ڕۆح و کەلتووری نەتەوەکان بە درێژایی مێژوو. ئەم دوو بوارەی هونەر توانیویانە بە قووڵی و هەمیشەیی ئەزموونی تاک و کۆمەڵی مرۆڤایەتی تۆمار بکەن.

لە هەموو کۆمەڵگایەکدا شیعر و ئەدەب ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە گەیاندنی چەمک و بەها کولتووری و کۆمەلایەتی و مێژووییەکاندا هەر نەتەوەیەک لە ڕێگەی زمانی خۆیەوە توانیویەتی ئەزموونی خۆی بگوازێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە بەکارهێنانی ئەم دوو شێوەیە لە هونەر، لە هەمان کاتدا هەم کاریگەری کەلتووری لە کۆمەڵگاکانی ترەوە وەرگرتووە و هەمیش کاریگەری داناوە.

ئەدەبیاتی هەموو نەتەوەیەک ئاوێنەیەکە کە مرۆڤ دەتوانێت ڕۆح و کەلتووری ئەو نەتەوەیەی تێدا ببینێت. ئەدەب وەک جۆرێک لە هونەر ڕێگەمان پێدەدات بگەینە لایەنە شاراوەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووری خەڵکەوە.

لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاوادا بەرهەمی نووسەرانێک وەکوو ویلیام شێکسپیەر و ڤیکتۆر هوگۆ و لیۆ تۆلستۆی ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵگاکەیان پێوە دیارە. کارەکانی شێکسپیەر وەک یەکێک لە گەورەترین نووسەرانی جیهان باس لە گرژی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی کۆمەڵگای ئینگلیزی دەکات لە سەردەمی ڕێنێسانسدا و لە نووسراوەکانیدا بابەتەکانی دەسەڵات و خۆشەویستی و خیانەت و دادپەروەری بە شێوەیەک وێنا دەکرێن کە هێشتا بەردەنگی هاوچەرخ پەیوەندی پێوە دەگرێت.

ئەوەی ڕاستی و ڕاستەقینە بێ پاش خوێندنەوە و سەرنجدانی زۆر لە وێژە و ئەدەبی کوردیدا دەردەکەوێ، نەتەوە لەسەر ئەدەبی کوردی کاریگەری زۆر گەروەی هەبووە و هەروەها ئەدەب و وێژەی کوردیش کاریگەری زۆری لەسەر زمانی کوردی داناوە، بۆیە کاتێ بمانەوێ جۆرەکانی ئەدەبی کوردی لە سەردەم و قوناخە جۆراوجۆرەکاندا لێک بدەینەوە، زۆرتر لە هەر باس و دیالۆگێ، چاومان بەباسی نەتەوایەتی و خۆشەویستی و عەشق بە ئاو و خاک دەکەوێ.

بۆ نموونە شاعری گەورەی گەلی کورد "ئەحمەدی خانی" لە "مەم و زین"دا جگە لە نووسینەوەی داستانەکە و خزمەت بە زمان و ئەدەبی نەتەوەکەی بانگەوازی یەکبوون و یەکگرتنەوە دەکات و وڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە بۆچی "مەم و زین"ی نووسیوە و ئەو داستانەی لەسەر زاری خەڵکەوە هێناوەتە دێڕی هەڵبەست و ئەو شابەرهەمەی ئەدەبیاتی نووسراوەی کوردی خولقاندووە و دەڵێت:

هەم ئەهلی نەزەر نەبین کو کرمانج

عەشقی نەکرن ژ بۆ خوە ئامانج

تێکدا نە د تالبن نە مەتلووب

ڤێکرا نە موحیبن ئەو نە مەحبووب

بێ بەهرەنە ئەو ژ عەشقبازی 

فاریغ ژ حەقیقی و مەجازی

کرمانج نەپڕ د بێ کمالن

ئەما د یەتیم و بێ مەجالن

بیلجوملە نە جاهیل و نەزانن

بەلکی دسەفیل و بێ خودانن


یان هەروەک چۆن حاجی قادر کۆیی دەڵێ:

تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد

هەروا دەبنە خەرابە ئاباد

ئەنواعی میلەل لە گەورە تا چووک

خەمڵیوە مەمالیک وەکوو بووک

و هەروەها هێمنی شاعیری سەدەی بیست ئەفەرمێ:

لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا

لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا

لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا

ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە

ئەم نموونەیانە و دەیان و سەدان نموونەی شیعر و پەخشان و هەڵبەست و دەقی نووسراوەی دیکە ئەوە دەسەڵمێنی کە نەتەوە و کەلتووری نەتەوەی کورد کاریگەری زۆر قووڵی لەسەر وێژە و بەرهەمە ئەدەبییەکانی گەلی کورد بووە کە ڕەنگدانەوەی ڕوح و هەست و ئەندێشەی کۆمەڵگای کوردی بووە.

کەواتە وێژە و شیعر هێشتا وەک یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کەلتووری لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی جیهاندا دەناسرێن و هەروەها ڕۆڵیان لە ڕەنگدانەوەی و گواستنەوەی کەلتوورە جۆراوجۆرەکاندا و لە سەردەمی هاوچەرخدا بە بەهێزی و کاریگەری دەمێنێتەوە.

ئامادەکردن: کەژاڵ حەمیدی