زایەڵە - بۆ گەشەپێدانی ژینگەی وەرزشی لەپارێزگاکەدا، عقیل مفتن سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق بڕیاری دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەڵەبجەی واژوو کرد .
دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەڵەبجە بەرهەمی کۆبونەوەیەکی نێوان قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال و عقیل مفتن سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق بوو کەلەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەبڕیاری بەپارێزگابونی هەڵەبجە کرد و داوای کرد زەمینەی یاسایی گونجاو بڕەخسێنرێت و کار بۆ کردنەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەڵەبجە بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بۆردی وەرزشی سەر بەسکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال کارئاسانی و ئامادەکاری تەواوی ئەنجامدا لەرووی تەکنیکیەوە.
ئەم بڕیارەی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق کەبە نوسراوی ژمارە ١١٩٧ لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دا بڵاوکرایەوە، رۆڵی گرنگی دەبێ لەوەبەرهێنان لەووزە و بەهرەکانی گەنجان و پەرەپێدانی توانا جەستەیییەکانیان و ئامادەکردنیان بۆ بەشداریکردن لەپاڵەوانێتیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا تا هەڵەبجەش پێگەی شایستەی خۆی مسۆگەر بکات لەکایەی وەرزشیدا.