زایەڵە - وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی عێراق –تورکیاوە، دەشڵێت: ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان كاریگەری زۆری لەسەر سێ كۆمپانیای ئەمریكی هەبووە، كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە.


 تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە دەستپێتکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بەم شێوەیە زانیاری خستەڕوو، پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی عێراق -تورکیاوە.


ئاماژەی بەوەشکردووە: ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان كاریگەری زۆری لەسەر سێ كۆمپانیای ئەمریكی هەبووە، كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە.
وتیشی: ڕاگرتنی نەوت تەنیا ڕێگر بووە لە گەشەی ئابووری عێراق و بەرژەوەندی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، هاوکات هۆكارێکیش بووە بۆ زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا، بۆیە پێویستە بە زووترین كات ئەو پرسە چارەسەر بكرێت.


باسی لەوەشکرد: بۆڕی بەندەری جەیهان ڕێگەیەكی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەمەش سودی بۆ ئابووری عێراق و هەرێم و هەروەها كۆمپانیا ئەمریكیەكانیش هەیە.


جێگای ئاماژەیە، ساڵی ٢٠١٤ عێراق دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد و ساڵی ٢٠٢٣ عێراق سکاڵاکەی لە دژی تورکیا بردەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا هەناردەی نەوت لە رێگای بەندەری جەیهانی توركیەوە ڕاگیراوە.