زایەڵە - لەوتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە عومەر گوڵپی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دوو مانگە مووچە دابەش نەکراوە، دۆخی‌ ژیان و بژێوی‌ بە ڕادەیەکی‌ زۆر خراپەو ژیان و بژێوی‌ و کارو کەسابەتی‌ هاووڵاتیانیش بە ئاستێکی‌ زۆر پاشەکشەی‌ کردووە، سەرەڕای‌ هەموو ئەمانە لایەنەکانی‌ دەسەڵات بەردەوامن لە بێڕێزی‌ بە خەڵکی‌ کوردستان و تەنانەت وەلانانی‌ ئەنجامەکانی‌ هەڵبژاردنی‌ دیزانیکراو و پەکخستنی‌ پەرلەمان و درێژەدان بە کاری‌ حکومەتە ماوە بەسەرچووەکەیان بە نایاسایی‌ و ناشەرعی‌ و نەبوونی‌ هیچ پاڵپشتییەکی‌ پەرلەمانی‌، حکومەتێک کە نایەوێت نەوت ڕادەستبکات و کێشەی‌ مووچەو بژێوی‌ خەڵک چارەسەر بکات و بێجگە لە کۆبوونەوەی‌ بێناوەڕۆک و سوپاسی‌ بێ مانا هیچ شتێکیتری‌ بۆ خەڵک و مووچەخۆران نییە و نە دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا ڕێککەون نە خۆشیان لە داهاتی نەوت و ناوخۆ مووچە دابەش دەکەن.

وتیشی، بێڕێزی‌ بە خەڵک و ئیرادەی‌ خەڵکی‌ کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە دوای‌ (٨مانگ)و(١٠ڕۆژ)لەبەڕێوەچوونی‌ هەڵبژاردن و (٧ مانگ) لە سوێندخواردنی‌ پەرلەمانتاران و سودمەندبوون لە ئیمتیازی‌ ماددی‌ و مەعنەوی‌ پەرلەمان، کەچی‌ دەرگای‌ پەرلەمان بە داخراوی‌ ماوەتەوەو زۆرینەی‌ پەرلەمانی‌ ئامادە نین تەنانەت ڕێز لە دەنگدەرانی‌ خۆشیان بگرن.

ڕونیشیکردەوە، دەمەوێت بە هاووڵاتیانی‌ بەڕێز ڕابگەیەنم کە ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەکانمان  بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان و هێنانە کایەی‌ پەرلەمانێک کە لە ئاست نوێنەرایەتی‌ خەڵکی‌ کوردستاندا بێت و توانای‌ لێپرسینەوەی‌ لە حکومەت و دەسەڵاتی‌ جێبەجێکردن هەبێت.

ئەوپەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو،پاش خانەنشینبوونی سەرۆکی پێشووی دادگاودەستبەکاربوونی‌ سەرۆکی‌ نوێی دادگای‌ باڵای‌ ئیتیحادی‌، دادگا دەست دەکاتەوە بە دانیشتنەکانی‌ خۆی‌ وبینینی‌ سکاڵاو داواکان، بە پێی‌ خشتەی‌ دانیشتنەکان تا ئێستاش سکاڵاکەی‌ ئێمە بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەنجامەکانی‌ خولی‌ شەشەمی‌  پەرلەمانی‌ دیزاینکراو لە شوێنی‌ خۆیەتی‌ و پشتیوان بەخوا لە ڕۆژی‌ یەکشەممە،٦ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢٥ ئامادەی یەکەم دانیشتن دەبین لەسەر داواکە.