زایەڵە - دەستەی خانەنشینی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرجدەكرێت كە لە مانگی تەممووزدا خانەنشینكراون،
حوسام عەبدولستار جێگری سەرۆكی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەستەكەیان رێوشوێنەكانی خەرجكردنی پاداشتی كۆتایی خزمەتی خانەنشینی شارستانی و سەربازی ئەو كەسانەی تەواوكردووە وەك بەشێك لە مووچەی مانگی تەممووز.
ئاماژەی بەوەش كردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی پاداشتەكەیان بۆ كراوە، پێنج هەزار و 745 خانەشینە، هەركاتێك كورتەنامەی وەرگرتنی پاداشتەكەیان پێگەیشت، دەتوانن سەردانی بانك و نوسینگەكان بكەن بۆ وەرگرتنی پاداشتەكەیان.
باسی لەوەش كردووە، ئەو هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ خەرجکردنی پاداشتی کۆتایی خزمەت، دوای 48 كاتژمێر لە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینی.
خەرجكردنی پاداشتی خانەنشینی لە عێراق كە بەگوێرەی یاسای خانەنشنی یەكگرتوو، 12 مووچەی كۆتایی خزمەتی فەرمانبەرە ئەم لەكاتێكدایە كە لەسەرەتایی ئەمساڵەوە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەر بەگوێرەی ئەو یاسایە خانەنشینكران، بەڵام نەك پاداشتی خزمەتەكەیان پێنەدراوە، بەڵكو زۆرینەیان هێشتا مووچەی خانەنشینیان بۆ نەبەستراوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەشێكی زۆری فەرمانبەران كە خانەنشینكراون نەك پاداشتی خزمەت هێشتا مووچەكەشیان بۆ نەبەستراوە.
12 مووچەی پاداشتی خزمەت بۆ بەشێك لە خانەنشینانی عێراق خەرجدەكرێت

July 03, 2025