زایەڵە - وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەداتەوە لەبارەی ئاراستەكردنی چەند درۆنێك لەلایەن حە#شدی شەعبییەوە، جەخت لەوەدەكاتەوە كە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەمان كراوە قەبوڵكراونییە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دژی دامەزراوەیەكی ئەمنیی فەرمیی عێراق دەریكردووە، بە هیچ بیانوویەك قبوڵ ناكرێت و ڕێگەپێنەدراوە، بەتایبەتی كە هیچ بەڵگەیەیكان نییە بۆ تۆمەتباركردنی ئەو دامەزراوە ئەمنییە كە مەبەستی لێی( حە#شدی شەعبی)یە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، حكوومەتی فیدراڵی بە دامەزراوە ئەمنییەكانەوە لە زیاتر لە بۆنەیەكدا دووپاتی كردەوە كە سازشی لەسەر حیسابی خەڵكی عێراقی ناكات، هەروەها بەمافی خۆمانی دەزانین بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێك كە هەوڵی تێكدانی سەقامگیری یان تێكدانی ئاسایش لە سەرتاسەری عێراق بدات.
وتەبێژەكەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەوەشی وتووە، ئەو ئاڵەنگارییانەی كە ئێستا هەن، پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی هەیە لە ڕێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە، نەك پەنا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ببەن بە ڕاپۆرت و لێدوانێك كە سووكایەتی بەو دامەزراوانەی عێراق بكەن كە عێراق دەپارێزن و بەرگری دەكەن و ئاسایشەكەی دەپارێزن، ئەمەش پاساو بۆ لایەنە دوژمنكارەكان دەڕەخسێنێت بۆ تێكدانی سەقامگیری عێراق.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە شەوی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بلاویكردەوە كە لەچەند میدیایەك وابڵاوكراوەتەوە كە گوایە لە هەولێر بە درۆن هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی سەر بە ئیسرائیل، هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەكارین و دوورن لە راستییەوە، چونكە نە بنكەی ئیسرائیلی لەكوردستان هەن و نە ئۆپەراسیۆنی لەوشێوەیەش ئەنجامدراوە.
ئەوەشیان خستبوویە ڕوو، شەوی رابردوو درۆنێك لە ناوچەیەكی چۆڵەوانی لە نزیك هەولێر كەوتووەتە خوارەوە، ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێك گروپی سەر بەحەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجامدەدرێن و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی فیدراڵی سنوورێك بۆ ئەم كارە تێكدەرانەیە دابنێن و رێكاری یاسایی بەرامبەر بەتاوانباران بگرنەبەر.