زایەڵە - ئەمڕۆ، نوخشە ناصح پارێزگاری هەڵەبجە، لەدیوانی پارێزگا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەرزشكارو وەرزشدۆستانی پارێزگاكە پێشوازیان لە بەڕێزان دكتۆر علی تەها سەرۆكی بۆردی وەرزشی سكرتارییەتی سەرۆك مام جلال و هەردە رەؤوف ئەندامی لیژنەی تەنفیزی ئۆلۆمپی عێراق و وەفدی یاوەری كرد.
لە دانیشتنێكدا’ بەڕێز پارێزگار بەگەرمی بەخێرهاتنی كردن و لەلایەن بەڕێز دكتۆر علی تەها فەرمانی دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەڵەبجەیان پێشكەش بە بەڕێزیان كرد، لای خۆیەوە بەڕێز پارێزگار وێڕای پیرۆزبایی لە وەرزشدۆستانی هەڵەبجە، سوپاسی پاڵپشتی و هەوڵەكانی بۆردی وەرزشی یەكێتی نیشتمانی كرد، بەتایبەت هەوڵە بەردەوامەكانی بەڕێز كاك قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی سكرتارییەتی سەرۆك مام جلال كە هەمیشە پاڵپشتی وەرزشكاران و وەرزشدۆستانی هەڵەبجەبوون، بەتایبەت لە بابەتی دامەزراندن و هێنانەكایەیی لیژنەی ئۆڵۆمپی هەڵەبجە كە بۆ هەوڵەكانی بەڕێزیان دەگەڕێتەوە، هەروەها سوپاسی پاڵپشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و بەڕێز دكتۆر عقیل مفتن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق و سەرجەم ئەو كەسو لایانانەی لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا پاڵپشتی وەرزش و وەرزشدۆستان بوون و دەبن لە پارێزگاكە.
هەر لە دانیشتنەكەدا بەڕێز پارێزگار دڵخۆشی خۆیان و وەرزشدۆستانی پارێزگای هەڵەبجەیان گەیاند بە وەفدی میوان، ئاماژەیان بەوەدا كردنەوەكەی لیژنەكە دەروازەیەكی گرنگ و كاریگەر دەبێت بۆ گەشەسەندنی بواری وەرزش و بەرەو پێشبردنی لەپارێزگاكەو كۆكردنەوەی توانای گەنجان بەشداریپێكردنیان وەكو نوێنەری هەڵەبجە لە پاڵەوانێتیە ناوچەیی و جیهانیەكان .